ئاسایشی هەولێر: شەڕەکەی مەلا ئۆمەر کۆنترۆڵکرا

وێنەی ساتی شەڕەکە فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لە گوندێکی سەربە مەلا ئۆمەر لە پارێزگای هەولێر، شەڕە تەقەیەکی توند دروستدەبێت و بەگوتەی ئاسایشی هەولێر، هۆکارەکەی کێشەی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو بنەماڵە بووە و دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە.

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت: "لەگوندی شەوک سەربە ناحیەی مەلائۆمەر کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوان دوو خانەوادە دروستبووە و بووەهۆی تەقەیەکی زۆر و دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا".

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو "لەلایەن هێزەکانمان بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیس، سەرجەم هێزەکان لەشوێنی رووداوەکە ئامادەبوون".

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو "لەئێستادا بارودۆخە لەلایەن هێزەکانمانەوە کۆنترۆڵکراوە و سەرجەم تۆمەتباران دەستگیر دەکرێن و دەدرێن بەدادگا".

سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ کەناڵ هەشت لەگوندی شەوەکی هەرکیان له مەلائۆمەر رایگەیاند "ماوەیەک بەر لەئێستا یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە بەشەڕهاتووەکان، بەهۆکاری شەڕ بریندار بووە، لەگوندەکە دەر کراوە، ئەو کەسانەی ئەم شەو تەقەیان کردووە، هێرشیان کردووەتەوە سەر گوندەکە و دەیانەوێت بەزەبری هێز ئەو کەسانە بگێڕنەوە بۆ ناو گوندەکە.