بایدن بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پشووی کۆتایی هەفتەی هەڵدەوەشێنێتەوە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا

کۆشکی سپی رایگەیاند، بەهۆی تەشەنەکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری دروستبوونی رووداوی چاوەڕواننەکراو، جۆ بایدن گەشتە تایبەتەکانی کۆتایی هەفتەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، کۆشکی سپی راگەیەنراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل تەشەنەی کردووە و بەوهۆیەوە بەپێویستیانزانیوە بۆ وەرگرتنی راوێژ لەئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە، جۆ بایدن، بۆ وەرگرتنی پشووی کۆتایی هەفتە سەردانی ویلایەتی دیلاوێر بکات.

هەڵوەشاندنەوەی پشووەکانی جۆ بایدن لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە، لەنزیک کەناراوەکانی ئیمارات، هێزێکی تایبەتی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری سەربە ئیسرائیلدا گرت، سوپای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەو هەنگاوەی تارانی دایەوە و رایگەیاند، ئێران بەرپرسە لە ئاڵۆزترکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوای هێرشەکانی یەکی نیسانی ئەمساڵ بۆسەر کونسوڵخانەی ئێران لەدیمەشق، تاران بەڵێنیداوە هێرشی تۆڵەکردنەوە بکاتە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەمریکاش پێیانوایە، لەم رۆژانەدا ئێران ئەو هێرشە ئەنجامدەدات.