تورکیا نەوتی گابار لەڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکات

کێڵگەیەکی نەوتی لە شرناخ فۆتۆ: گووگڵ

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند "پلانیان هەیە نەوتی گابار لە شرنەخی باکووری کوردستان، لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بگەیەننە بەندەری جەیهان".

ئاڵپارسڵان بایراکتار لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی، وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە کەرتی وزەی لە وڵاتەکەی دایەوە.

بایراکتار لەبارەی بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە بیرە نەوتەکانی گابار لە شرنەخی باکووری کوردستان کە 40 هەزار بەرمیلی رۆژانەی تێپەراندووە، رایگەیاند: "ئەو نەوتە ئێستا بە تەنکەر دەگوازرێتەوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت بەمەبەستی دابەزاندنی تێچووەکەی و ئاسانکاریی لۆجستیی پێویستیان بە بۆری دەبێت".

وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە کارەکانی دروستکردنی بۆرییەکە درێژەی هەیە و رایگەیاند: "نیوەی ئەو بۆرییەی کە درێژییەکەی 35-36 کیلۆمەترە و لە کێڵگەی گابارەوە دەگاتە بۆری عێراق (هەرێمی کوردستان)-تورکیا، تەواو بووە و کارەکانی تەواوکردنی بۆرییەکە تاوەکو وێستگەی بۆتاش لە ناوچەی ئیدیل، درێژەی هەیە.

ئاڵپارسڵان بایراکتار، گوتی: "کە نەوتەکە گەیشتە ئەوێ، دەتوانین لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق (هەرێمی کوردستان)-تورکیاوە بیگەیەنینە بەندەری جەیهان".

ئاڵپئارسڵان بایراکتار جەختی لەوەکردووەتەوە، بۆری نەوتی عێراق (هەرێمی کوردستان)-تورکیا، لەڕووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بازاڕی نەوت لە ناوچەکە و جیهانیش، گرنگییەکی بەرچاوی هەیە و ئەو بەشەی کە دەکەوێتە ناو خاکی تورکیا و 650 کیلۆمەترە، هەمیشە ئامادە بووە بۆ کارکردن.

بایراکتار باسی لەوەشکرد لەدوای لافاو و بوومەلەرزەکانی ساڵی رابردووەوە، لە مانگی ئازاردا نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە دەستیپێکردووە و رایگەیاند: "لە 4ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە، بۆرییەکە لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوت بگوازێتەوە، بەڵام لەو کاتەوە و تاوەکو ئێستاش نەوتی پێدا نەڕۆیشتووە. گوتیشی: "سکاڵایەکی ناوبژیوانیمان هەیە لەگەڵ عێراقدا کە درێژەی هەیە و بەردەوامە، لەوێش ئاماژەمان بەوەکردووە، هۆکاری کەموکوڕییەکان و گرفتی ناردنی نەوت لەو بۆرییەوە، تورکیا نییە".

بەگوتەی وەزیری وزەی تورکیا، گرفتێک هەیە کە "سەرچاوەکەی ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باکووری عێراق و حکومەتی ناوەندییە و ئێمە رەنگدانەوەکەی ئەمەشمان بینیوە".

گوتیشی: "ئەگەرچی لەدوای 4ی تشرینی یەکەمەوە هیچ رێگرییەک لەبەردەم رۆیشتنی نەوت بە بۆرییەکەدا نەماوە، بەڵام تەنانەت یەک بەرمیل نەوتی پێدا نەڕۆیشتووە، ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەوە نیشانداوە، لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەین".