وەزارەتى نەوتی عێراق: هەوڵدەدەین هاوردەکردنی بەنزین بۆ رێژەی سفر کەمبکەینەوە

فۆتۆ: حەمە سوور

وەزارەتی نەوتی عێراق بەرزبوونەوەى بەرهەمهێنانى بەنزینى رایگەیاند و دەڵێت، رۆژانە دەتوانن زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بە ئۆکتانی بەرز بەرهەمبهێنن و بەرەو ئەوە دەچن هاوردەکردن نەهێڵن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاڵاوگەى ئەزمیرا لە بەسرە دەستی بەکارکردووە و لە توانایدا هەیە بەنزین بە ئۆکتانی 94 بپاڵێوێت و رۆژانەش 750 هەزار لیتر بەنزین کۆگا بکات، ئەوەش هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خۆبژێوی لە بەنزیندا.

راشیگەیاندووە، هەوڵدەدەن قەبارەى هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی دراوسێ کەمبکەنەوە، لەگەڵ تەواوبوونی سەرجەم یەکەکاندا ئاستی هاوردەکردنی بەنزین بۆ رێژەی سفر دادەبەزێت و بەتەواوی پێداویستى ناوخۆ پڕبکەنەوە و بەنزین هاوردە نەکەن.

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار بەنزین هاوردە دەکات و حکومەتی عێراق سوورە لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەى هاوردەکردنی بەنزین.