کۆمپانیای دانەگاز: بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرت

لۆگۆی دانەگاز
لۆگۆی دانەگاز

کۆمپانیای دانەگاز رایدەگەیەنێت "بەشێوازی کاتی بەرهەمهێنانیان راگرتووە و گۆڕانکارییان لە شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکانیان کردووە".

لە راگەیەندراوێکیدا کە رۆژی دووشەممە 29-4-2024) وێنەیەکی بۆ کەناڵ8 نێردراوە، دانەگاز دەڵێت، "سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و کرێکارانى لە کاری هەرە لە پێشینەی کۆمپانیاکەیە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "کاتژمێر 06:40ـی ئێوارەی رۆژی 26ـی ئەم مانگە کۆگەیەکی گازی کۆندێنسەیت لە رێگەی هێرشێکی تیرۆریستی درۆنییەوە کرایە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیراژیدییەدا چوار لە کارمەندان گیانیانلەدەستدا و هەشتی دیکەش بە سووکی بریندار بوون، لەکاتێکدا سەرقاڵی کاری چاککردنەوەی کۆگاکە بوون."

لە راگەیەندراوەکە هاتووە "هەموو کەس لە دانەگاز و کۆمپانیا هاوبەشەکانی هاوخەمیی قووڵی خۆیان بۆ بنەماڵەی قوربانییان و ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەتووە، دەردەبڕن و هەموو شتێکیش بۆ پاڵپشتی و یارمەتیی زیانلێکەوتووان دەکەن."

دانە گاز دەڵێت، "هەرچەندە زیانی کەم بە دامەزراوەکان و کەرەستەکان کەوتووە، بەڵام بەرهەمهێنانمان بە شێوازی کاتی وەستاندووە و رێوشوێنەکانی کارکردنمان گۆڕیوە."

لە راگەیەندراوەکەدا دانەگاز دەڵێت، "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەرزترین ئاستدا لە دانوستاندنداین بۆ یارمەتیدانیان لە جێبەجێکردنی بەرپرسارییەتییەکەیان بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بە سزای خۆیان بگەیەنن."

دانەگاز ئەوەی روونکردووەتەوە "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەت لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان توندوتۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دواجار بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە".

"بەتەواوەتی پابەندین بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، هەروەها خاوەن پشکەکانمان. چاومان لەوەیە هەرکاتێک ئەنجامدانی کارەکانمان سەلامەت بوو، دەست بە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بکەینەوە راگەیەندراوەوای نووسیوە."