هەناردەی نەوتی عێراق لەگەڵ ئۆپێک دادەبەزێت

کێڵگەى نەوتى نەهران بن عومەر لەنزیک پارێزگاى بەسرە. فۆتۆ: AP

لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە هاوپەیمانێتی ئۆپێک، هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی نیسان بەرێژەی 0.3% کەمیکردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی پلاتفۆرمی وزە، هەناردەی نەوتی عێراق 10 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە و بۆ سێ ملیۆن و 413 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیووە، ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ رۆژانە سێ ملیۆن و 423 هەزار بەرمیل هەناردەکراوە.

بەگوێرەی داتای کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 364 هەزار بەرمیل نەوت.

ئەو نەوتەی رۆژانە عێراق لە بەندەرەکانى باشوووری کەنداوەوە هەناردەی کردووە، لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا بڕی سێ ملیۆن و 364 هەزار بەرمیل بووە، بەراورد بە مانگی ئازار کە سێ ملیۆن و 377 هەزار بەرمیل بووە کەمیکردووە، هەروەها رۆژانە بڕی 15 هەزار بەرمیل لە رێگەى ئوردنەوە هەناردەکراوە.

بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆپیک پڵەس، عێراق لەژێر فشاردایە چونکە لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بەرزترین سنووری بەرهەمهێنانی تێپەڕاندبوو، کە لە رۆژێکدا 602 هەزار بەرمیل بووە.