قوباد تاڵەبانی بۆ کەناڵ8: هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی بکەن

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئۆتۆمبێلەکەی هەڤاڵ عەتا سەراوی بکەن." دەشڵێت، "رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئارامی و دۆخی سلێمانی تێکبدات."

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "سەرجەم هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو رووداوەی ئۆتۆمبێلەکەی هاڤاڵ عەتا سەراوی تیادا کرایە ئامانج".

گوتیشی، "رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئارامی و دۆخی سلێمانی تێکبدات، خۆشم بە وردی چاودێری لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەکەم."

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڕەکى شەهیدانى سەرچنار لە سلێمانى، تەقینەوەیەک روویدا، کە ئۆتۆمبێلی عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیى نیشتیمانیی کوردستانی کردە ئامانج.

لەبارەی رووداوەکەوە عەتا سەراوی بە کەناڵ8ـی راگەیاند،  لەماڵەوە چوەتە چێشتخانەیەک بۆنانخواردن دواى ئەوەى بۆماوەى پێنج خولەک ماونەتەوە لەناو چێشتخانەکە ئۆتۆمبێلەکەى تەقیوەتەوە.

گوتیشى، "روداوەکە زیانى گیانى نەبوەو ئۆتۆمبێلەکەى پێش ئەوەى بچنە چێشتخانەکە لەبەردەم ماڵى خۆیان راگیراوە".

هاوکات، دەزگاى ئاسایشى هەرێم روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پاش ئەوەی رۆژی 19ـى 4ى 2024 کاتژمێر 12 لەگەڕەکی شەهیدانی سەرچنار، رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک روویدا و هیچ زیانیکی گیانی لێ نەکەوتەوە و دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەستیپێکردووە".