یەکەم پێشبڕکێی شاجوانی ژیریی دەستکرد راگەیەندرا

کچە مۆدێلێکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد
کچە مۆدێلێکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد

تاوەکو دێت مۆدێلە دروستکراوەکانی ژیریی دەستکرد روو لە زیادبوون دەکەن، هەر بۆیە رێکخراوێکی جیهانی، یەکەم پێشبڕکێی شاجوانی ژیریی دەستکردی بۆ هەڵبژاردنی باشترین مۆدێلی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، بە چەند مەرجێکی دیاریکراو راگەیاند.

خاتوونی ژیریی دەستکرد، پڕۆژەیەکە لەلایەن خەڵاتەکانی دروستکەری ژیریی دەستکردی جیهان پەرەیپێدراوە، ئامانجی ناساندنی دەستکەوتەکانی دروستکەرانی ژیریی دەستکردە لە سەرانسەری جیهاندا، لە داهاتووشدا بۆ مۆدێلە پیاوەکانیش رێکدەخرێت.

پێشبڕکێکە تیشک دەخاتەسەر ئەو مۆدێلە کچانەی بە تەواوی بە ژیریی دەستکرد دروستکراون و لەسەر سێ بنەما هەڵدەبژێردرێن: جوانی، تەکنەلۆجیا و بەناوبانگی و براوەکە لە پاڵ بردنەوەی نازناوەکە، پێنج هەزار دۆلاریش بە دیاری وەردەگرێت.

ئەو کەسانەی بەشداردەبن نابێت تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بێت و دەبێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەسانی کاریگەر و چالاکبن.

هەروەها هیچ سنووردارکردنێک نییە لەسەر ئەو ئامڕازەی مۆدێلەکەی پێدروستکراوە، داڵ ئی 3ی ئۆپن ئەی ئای و میدجۆرنی و کۆپایڵەت ژمارەیەک لەو ئامڕازە زیرەکانەن کە دەتوانرێت کارەکتەری ژیریی دەستکرد دروستبکەن.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجامبدرێت و ئێستا ناو تۆمارکردن دەستیپێکردووە.