بە بڕیارى قوباد تاڵەبانى هاتوچۆى بارهەڵگر لە رێگاکانى دەرەوەى شار لە رۆژانى پشوو قەدەغە کرا

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بەدواداچوونی بۆ رووداوی هاتوچۆی ئەمڕۆى دوکان و دەربەندیخان کرد و بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی راسپارد رۆژانی هەینی لە 7ی بەیانییەوە هاتوچۆی بارهەڵگر لە رێگاکانى دەرەوەى شار قەدەغە بکات.

رۆژی هەینى 26ى نیسانى 2024، سەمیر هەورامى، گوتەبێژى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، بە کەناڵ8ى راگەیاند، قوباد تاڵەبانی بەدواداچوونی بۆ هەردوو رووداوى هاتوچۆى سنوورى سلێمانى کردووە و سەرەخۆشی لە خانەوادەى قوربانییانى رووداوەکەى دەربەندیخان کرد هیوای باشبوونەوەى بۆ بریندارانى رووداوەکەى دووکان خواست.

لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە رووداوانە، هاتوچۆی سلێمانی راسپارد، تاوەکو کۆتاییهاتنى وەرزی بەهار، رۆژانی هەینی لە کاتژمێر 07:00ی بەیانییەوە تاوەکو  شەو، هاتوچۆی بارهەڵگر قەدەغە بکات بەئاڕاستەی دوکان، سیتەک و قەرەداغ.

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسان، لەسەر رێگەى دووکان - سلێمانى بارهەڵگرێک خۆی بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا کێشا و بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی بەکەناڵ8ى راگەیاند 15 کەس لە رووداوەکە برینداربوون.

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دووکان ئاماژەى بەوەکرد، "لەسەر رێگەى دووکان - سلێمانى ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگر کۆنترۆڵى لەدەستداوە و خۆى بە 15 ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشاوە ".

ئومێد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دووکان بۆ کەناڵ8 رایگەیاند : 15 بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و باری تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە، تەنیا 2 بریندار نەبێت رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.