لێدوانێکى بەپەلە لە لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقەوە لەبارەى ناردنى مووچە

هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى پارەکەى بەغدادە بۆ دابەشکردنى مووچە. فۆتۆ: کەناڵ8

ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق هۆکارى نەناردنى مووچەى مانگى چوارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدادەوە بۆ کەناڵ8 ئاشکرادەکات و دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی جێبەجێنەکردووە"

یوسف کیلابى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق لەمیانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (تارگێت)ـى کەناڵ8 کە ئەمشەو لە کاتژمێر 9:30 پەخشدەکرێت لەبارەى هۆکارى نەناردنى مووچەى مانگى 4ى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "کێشەی سیولە لە بەغداد نییە، بەڵکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی جێبەجێنەکردووە".

رۆژى 21ى نیسانى 2024، وەزارەتى دارایى عێراق، دەستیکرد بە دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان و داواشى لە سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ژمێریایى بکەن.

هەمان رۆژ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کراوە و سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى عێراقیش بە کەناڵ8ى گوت "رۆژى سێشەممە، 23ى4 لیستى مووچەى مانگى چوارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، گەیشتووەتە وەزارەتى دارایى عێراق".

رۆژى 24ى4ى 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا داوا کراوە هاوشێوەی مانگی رابردوو لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، کە چاوەڕواندەکرێت هاوشێوەی مانگی رابردوو لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە، نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تاوەکو بکرێتە بيانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار راسپێردرا ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشانکراوە، وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ".