سودانى: جەخت لەسەر بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن بە بەشداریى سەرجەم پێکهاتەکان دەکەینەوە

کۆبوونەوەى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان.
کۆبوونەوەى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان.

سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و سەرۆکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆبوونەوە و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تەوەرەى سەرەکى گفتوگۆى نێوانیان بوو.

بەگوێرەى راگەیەندراوێک کە نووسینگەى رۆژنامەوانى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڵاویکردووەتەوە، سودانى و عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆبوونەتەوە و  لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین رێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تاوتوێکران.

روونیشکراوەتەوە، سودانى جەختی لەسەر گرنگى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن بە کۆدەنگى سیاسى و بەشداریى سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان کردووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، بەشێوەیەک گرەنتى بەدیهێنانى مەبدەئى دادپەروەریى و یەکسانى بکرێت لە جێبەجێکردنى ئەو دەستکەوتە.