دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان: داواکارین حکومەتی عێراق لەو ستەمەی بەرامبەر بە جوتیاری کورد دەکرێت بێدەنگنەبێت

جێگیرکردنی هێزێکی سووپای عێراق لە پەلکانە. فۆتۆ: یوسف موراد - کەناڵ8

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "لەو ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد دەکرێت" بێدەنگنەبێت.

دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ماوی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەواو دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتییانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی رابردوویان بچننەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە پایزی ساڵی رابردوو لەسەر رەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکوک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەستپێکرد، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بەبەردەوامی لەسەرهێڵ بووین تا دەستوور و یاسا دوابڕیاربێ و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێکنەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بەژیانی ئاسای خۆیان بدەن".

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: تاوەکو ئێستا گرفتەکان وەکپێویست چارەسەرنەکراون، بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد دەکرێت بێدەنگنەبێت و فراکسوێنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە.

دەستەکە داواشدەکات، شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبەهاوردەکان و بیانگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان.