پەرلەمانی عێراق رۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک پشووی فەرمی پەسەندکرد
پەرلەمانی عێراق 16ـی ئازار رۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و جەژنی غەدیری وەک پشووی فەرمی لە سەرانسەری عێراق پەسەندکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای پشووە فەرمییەکانی پەسەندکرد.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەکەناڵ8ی راگەیاند "بەگوێرەى یاساکە، رۆژی 16ی ئازار، وەک رۆژی کیمیاباران و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کۆمەڵکوژیی و ستەمەکانی رژێمی بەعس دیارییکراوە و بووە بە پشووی فەرمی لە سەرتاسەری عێراق".
هەر بەگوێرەى یاساکە، رۆژی 21ی ئازار، کە دەکاتە رۆژی سەری ساڵی کوردیی و جەژنی نەورۆز، لە تەواوی عێراق کرا بە پشووی فەرمی.
هەروەها ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی جەژنی غەدیری وەک پشووی فەرمی دیارییکرد، کە دەکاتە رۆژی 18ی زیلحیجە، حوزەیرانی هەموو ساڵێک.
هەر بەگوێرەى یاساکە، رۆژەکانی هەینی و شەممەی هەموو هەفتەیەک، پشووی فەرمین، رۆژی 1ـى موحەرەم سەریساڵی کۆچی، هەروەها رۆژی عاشوورا کە رۆژی شەهیدبوونی ئیمام حسێنی کوڕی عەلی، رۆژی 12ی رەبیعی یەکەم، کە رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە و رۆژی 1 تا3ـى شەوا جەژنی رەمەزان، رۆژی 1ـى کانوونی دووەم، کە دەکاتە سەری ساڵی کۆچی و 6ـى کانوونی دووەم، رۆژی دامەزراندنی سوپا و 1ـى ئایار جەژنی کرێکاران، پشووی فەرمییە لە عێراق.
پشووى رۆژى غەدیر لەسەر پێشنیازى موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى نیشتمانى شیعە، خرایە ناو پرۆژەیاساى پشووە فەرمییەکانەوە و پاش پەسەندکردنى سەدر سوپاسى پەرلەمانتارانى کرد.
رۆژى غەدیر، مێژووەکەى بۆ ساڵى 10ى کۆچى دەگەڕێتەوە، بەگوێرەى شیعەمەزهەبەکان لە حەجى ماڵئاواییدا پێغەمبەرى ئیسلامى گوتوویەتى "عەلى مەولاى منە" بەگوێرەى لێکدانەوەکانى ئەوان ئەمەش واتاى ئەوەیە عەلى کوڕى ئەبوتالب لەدواى پێغەمبەر دەبێتە خەلیفەى موسڵمانان، بەڵام سوننەمەزهەبەکان ئەم لێکدانەوەیە رەتدەکەنەوە.
22/05/2024