وەزیرى پەروەردە: لەكاتی تاقیكردنەوەكان دوو كاتژمێر هێڵەكانی ئینتەرنێت دەبڕدرێن
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، ئامادەكارییەكان بۆ تاقیكردنەوەی 12ـی ئامادەیی تەواوبوون و كاتژمێر 06:00 بۆ 08:00ـی بەیانی هێڵەكانی ئینتەرنێت دەبڕدرێن.
ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتی هەرێمى کوردستان لە یەکەمین کۆنفرانسى دڵنیایی جۆریى و سەرپەرشتیکردنى پەروەردەیی رایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ تاقیکردنەوەى گشتى پۆلى 12ـی ئامادەیی تەواوبوون و پرسیارەکان دانراون.
گوتیشی، پێش تاقیکردنەوەکانیش پرسیارەکان لە هیچ پارێزگایەک نابن و میکانیزمى گواستنەوەیان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە هەماهەنگى لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش دەبێت.
وەزیرى پەروەردە گوتیشى، هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى ناوخۆ و کارەبا کراوە بۆ دابینکردنى ئاسایش و کارەبا بۆ هۆڵەکانى تاقیکردنەوە، هاوشێوەى ساڵى رابردووش ئەمساڵ هێڵى ئینتەرنێت كاتژمێر 06:00 بۆ 08:00ـی بەیانی دەبڕدرێت.
تاقیکردنەوەکانى 12ـی ئامادەیی لە 23ـی حوزەیران دەستپێدەکەن و هەفتانە دوو تاقیکردنەوە دەکرێت.
08/06/2024