قوباد تاڵەبانى: گرفتى مووچە بەرەو چارەسەرى ریشەیی دەڕوات
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان بەرەو چارەسەری كۆتایی دەچێت و كێشەی مووچە بە گشتی بەرەو چارەسەرێكی یەكجارەكی دەڕوات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان لەناویاندا پەیامنێری كەناڵ8ـی گوت، "من پێموایە كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان بەرەو چارەسەری ریشەیی دەڕوات، ئەمڕۆ ناوەكان یاخود گەیشتووە یاخود دەبێت بگات بە وەزارەتی دارایی، دوای وردبینی پرۆسەكە تێدەپەڕێت و چیدیكە هەموو جارێك ئەم وردبینییە ناكرێت، ئەمە یەكجارە و تۆزێك كێشەی تێكەوتووە، لەمەودوا ئاسانتر دەڕوات".
گوتیشی، "من گەشبینم كێشەی مووچە بەرەو چارەسەری یەكجارەكی دەڕوات و گەشبینم چەند مانگی داهاتوو مووچە نابێتە كێشەیەك كە روونكردنەوەی لەسەر بدەین، 10 ساڵە مووچەخۆرانی خۆشەویست سەبرێكی زۆریان هەبووە و ئەم دۆخە بەرۆكی هەموو كوردستانی گرتبوو، ئێستا هەست دەكەین بەرەو چارەسەرێكی ریشەیی دەڕوات".
قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، "چیتر كێشەی مووچە نابێتە كێشەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان، فەرمانبەرانیش دەبێت باشتر لە دوێنێ خزمەت بە خەڵك بكەن".
09/06/2024