لێدوانێکی بەپەلە لە کۆمیسیۆنەوە لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن

کەناڵ8 26/06/2024
هاونیشتمانییەک لەکاتی دەنگداندا. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
هاونیشتمانییەک لەکاتی دەنگداندا. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، چاوەڕێین نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بگاتە دەستمان و بڕیار لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستکردن بە رێکارەکان بکەین.

جومانە غەلای، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، چاوەڕێین نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانمان تایبەت بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن پێبگات و لە ژێر رۆشنایی نووسراوەکەدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستکردن بە ڕێکارەکان دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕگەی دووەمی ماددەی 10ـى یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە رۆژی 20ـى 10ـى ئەمساڵ وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.

ئەمە پێنجەمین جارە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات، دوایین وادە رۆژی 10ی مانگی حوزەیران بوو، بەڵام بەهۆی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیارێکی دادگای فیدراڵی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکان راگیران و کۆمیسیۆن نەیتوانی لەو وادەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدات.

کەناڵ8

26/06/2024