رێکخراوێکى ئەمریکى: سوپاى تورکیا 300 تانک و زرێپۆشى داخڵى هەرێمى کوردستان کردووە

ساتى تێپەڕبوونى ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى تورکیا لە ئامێدى

 لە 10 رۆژى رابردوودا سوپاى تورکیا 300 تانک و زرێپۆشى داخڵى هەرێمى کوردستان کردووە و لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ سنوورى بادینانیش خاڵێکی پشکنینی جێگیرکردووە و رێگا بە تێپەڕبوونى هاونیشتمانیان نادات، بەرپرسى رێکخراوێکى ئەمریکیش پلانێکى سوپاى تورکیا بۆ داگیرکاریى زیاترى خاکى کوردستان ئاشکرا دەکات.

کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکى لە راپۆرتێکدا کە وێنەیەکى بۆ کەناڵ8 ناردووە دەڵێت، "لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا و لە رێگەی ئەو رێگا سەربازییانەی تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بنیادی ناون، 300 تانک و زرێپۆشی سوپای تورکیا داخڵی گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ بوون".

لە راپۆرتەکەى تیمى کوردستانى رێکخراوەکە هاتووە، "لە سێ رۆژدا نزیکەى هەزار سەربازى تورکیا لەنێوان بارەگای سەربازیی گرێ باروخ و چیای مەتینا لە پشتی ناحیەی بامەرنێ هاتوچۆ دەکەن و لەبەرەبەیانى 25ـى حوزەیرانەوە خاڵێکی پشکنینیان لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردووە، هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتوچۆ بکات،ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشکنینی ناسنامەکەی رێگەی پێدەدرێت بڕوات".

گوتوشیەتى، "لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت لە ناحیەی شیلادزێوە بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی بکێشێت، هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلووک و بامەڕنێ و بێگۆڤادا تێپەڕدەبێت، بەمەش هەموو گوند و شارەدێ و زنار و زەوی و دۆڵ و خاک و ئاوی پشتی ئەم هێڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادا دەبێت،  ئەگەر هەر پێکدادانێکیش لەم ناوچەیەدا رووبدات ئەوا لەناو ئاواییەکاندا دەبێت و شارەدێکانی ئەو ناوچەیە ببنە گۆڕاپانی شەڕ".

بەگوێرەى راپۆرتەکە، "ئامانجێکی دیکەى تورکیا لەم جوڵە سەربازییە گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیڵادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارایە، بەمە حکومەتی هەرێمى کوردستان 70% بۆ 75%ـى سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات".