ئەمڕۆ لە 11 پارێزگای عێراق بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە پشووە
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە یازدە پارێزگای عێراق ئەمڕۆ دەوام راگیراوە و پشووە، کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، "لە هەشت لەو پارێزگایانە پلەکانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن".
پارێزگاکان بریتین لە "دیالە، بەسرە، نەینەوا، موسەنا، زیقاڕ، نەجەف، بابل، واست، میسان، دیوانییە و کەرکوک" کە ئەمڕۆیان کردووەتە پشوو، ئەوەش بەهۆی شەپۆلێكی گەرما کە رووی لە عێراق کردووە.
کەشناسیی عێراق رایگەیاندووە، پلەکانی گەرما لە هەریەکە لە پارێزگاکانی "واست، بابل، نەجەف، دیوانیە، میسان، زیقاڕ، موسەننا و بەسرە" 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن، ئەوانەی دیکە پلەکانیان لە نێوان 48 بۆ 49 پلەی سیلیزی دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ رۆژی هەینی واتە سبەی شەپۆلە گەرماکە بەردەوامدەبێت و چوار لەو پارێزگایانەی باشووری عێراق پلەکانی گەرما تێیاندا هەر 50 پلە دەبێت.
لە پارێزگای کەرکوک پشوو راگەیەندراوە، بەڵام پشووەکە کارمەندانی دیوانی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا ناگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ دوای حەوت مانگ لە هەڵبژاردن لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەدەچێت.
11/07/2024