پارێزگارى کەربەلا: بە بۆنەى عاشوورا سێ رۆژ لە پارێزگاکە پشووی فەرمییە

گریان و لەخۆدانی گەنجان لە یادی عاشوورادا لە بەغداد
گریان و لەخۆدانی گەنجان لە یادی عاشوورادا لە بەغداد

لە پارێزگاى کەربەلا بە بۆنەى رۆژى عاشوورا، سێ رۆژ پشووى فەرمى راگەیەندرا، وەزیرى ناوخۆش دەڵێت، سەرجەم دەروازە سنوورییەکان 24 کاتژمێر کراوە دەبن و رێگە بە هاتنى ئۆتۆمبێلى تایبەت نادرێت.

نوسینگەى راگەیاندنى پارێزگارى کەربەلا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، نوسەیف جاسم خیتابى، پارێزگار و سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئەمنیى پارێزگاکە، رۆژانى سێشەممە و چوار شەممە و پێنجشەممەى هەفتەى داهاتووى بە بۆنەى یادى عاشوورا رۆژى شەهیدکردنى ئیمام حسین لە 10ـی موحەرەمى ساڵى 61ـی کۆچى، کردووەتە پشووى فەرمى.

هاوکات، عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لە میانى بەسەرکردنەوەى دەروازە سنوورییەکانى پارێزگاى بەسڕە، رایگەیاند، بە درێژایی 24 کاتژمێر دەروازە سنوورییەکان بۆ پێشوازیی لە زیارەتکاران کراوە دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگى و کارى هاوبەشیان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هەیە.

گوتیشى، بە گوێرەى پلانێک رێگەى چوونى زیارەتکاران بۆ کەربەلا کۆنترۆڵکراوە و رێگە بە هاتنى ئۆتۆمبێلى تایبەت نادرێت.