فوئاد حسێن: پێویستە دۆسیەی سامانە بلۆککراوەکانى ئێران لە عێراق بەپەلە چارەسەربکرێت
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی بەپەلە و دادپەروەرانە کردەوە بۆ دۆسیەی سامان و پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن لەگەڵ جۆن باس، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئیداری و سیاسی کۆبوونەوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند دۆسیەیەکی هەرێمیی گرنگ تاوتوێکراون، تێیدا دۆسیەی سامانە بلۆککراوەکانى ئێران لە عێراق قسەى لەبارەوە کراوە و وەزیرى دەرەوەى عێراق داواى چارەسەرى ئەو پرسەى کردووە.
پێستر تارق هاشم ئەلفیهان، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی عێراق لە کۆڕبەندێکدا لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و ئێران رایگەیاندبوو، 11 ملیار دۆلاری ئێران لە عێراق بلۆککراون و راشیگەیاندبوو ئەو دوو وڵاتە، بۆ خۆپاراستن لە سزاکان، هەوڵدەدەن بە دراوە ناوخۆییەکان مامەڵە بکەن.
12/07/2024