لە کاتى رووماڵى لەشکرکێشیى تورکیا تیمی کەناڵ8 لەئامێدى دەستگیرکران
لە کاتى رووماڵى لەشکرکێشیى تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان، شۆفێر، پەیامنێر و وێنەگرى کەناڵ8 لەئامێدى دەستگیرکران و تاوەکو ئێستاش ئازادنەکراون.
رۆژى شەممە، 13ـی تەمووزى 2024، هەریەک لە هەوار یوسف، شۆفێر، نژیار محەمەد، پەیامنێر و بەهێز ئاکرێى، وێنەگرى کەناڵ8، لەکاتى رووماڵى لەشکرکێشیى سوپاى تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان لە ئامێدى دەستگیرکراون، تاوەکو ئێستا لایەنەپەیوەندیدارەکانى سنوورەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر دەستگیرکردنى ئەو رۆژنامەوانانە بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، لە ئاسایشى گشتیى دهۆک دەستبەسەرکراون.
لە چەند رۆژى رابردووشدا، ژمارەیەک رۆژنامەوان لە سنووى ئامێدى لەکاتى رووماڵى لەشکرکێشیى تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان دەستگیرکران و دواى چەند کاتژمێر لە راگرتنیان لەلایەن ئاسایشى سنوورەکە ئازادکران.
هاوکات، لقى دهۆکى سەندیکاى رۆژنامەوانان رایگەیاند، "دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کردووە لە بارەى دەستگیرکردنى ئەو رۆژنامەوانانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نیە بۆ ئازادبوونیان".
ماوەى دوو هەفتەیە سوپاى تورکیا بەچڕى دەستى بە ئۆپراسیۆنەکانى کردووە لە قەزاى ئامێدى سنورى پارێزگاى دهۆک و لە هەندێک ناوچە نزیکەى 40 کیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستان.
14/07/2024