توێژینەوەیەک: ئەو سیناریۆیانەی لەلایەن ژیریی دەستکردەوە دەسنورێت ناوەرۆکیان دووبارەیە

ماوەی نزیکەی دوو ساڵە، لەدوای ئەوەی کۆمپنایای ئۆپن ئەی ئای ئامرازێکی ژیریی دەستکردی خۆی بە ناوی  (چات جی بی تی)یەوە راگەیاند، بە شێووەیەکی بەرفراوان بە جیهاندا بڵاوبۆوە و بەکارهێنەرێکی ئێجگار زۆری بۆخۆی پەیداکرد، نەک هەر بە تەنها بەکارهێنانی چات جی بی تی بەڵکو وایکرد خەڵک زیاتر بە دەستەواژەی  AIیاخود ژیریی دەستکرد ئاشناببن.

بەڵام، بڵاوبونەوەی ژیریی دەستکرد بەم جۆرە فراوانە، لە گرفت و کێشە و کەم و کورتی بەدەر نییە، هەندێک لە پسپۆرانی بواری تەکنەلۆجی پێیان وایە، ئەی ئای دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی مرۆڤ و کائاسانیان بۆ دەکات، بە پێچەوانەشەوە، بەشێکیان دەڵێن کێشەی گەورە دروستدەکات و دەبێتە کێشە بۆ بەشێکى دیکەى هاوڵاتیان لە ووڵاتانى جیهان.

لە نوێترین توێژینەوەشدا، کە دەربارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ نوسینی سیناریۆ و دەقی ئەدەبی و چیرۆک بەکارهاتووە، دەرکەوتووە ئەو دەق و چیرۆکانەی ئامرازی ژیریی دەستکرد پێشنیاری دەکات، زۆر لەیەکەوە نزیکن و دوبارەن، کە ئەمەش بە گرفتێکی گەورە دەبین، چونکە دەبێتە هۆی یەکسانی و سستی بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان لە داهاتوودا.

توێژەران لە زانکۆی ئێکستەر لە لەندەن، ئاشکراى دەکەن توێژینەوەیەکیان لەگەڵ 300 نوسەری خۆبەخش ئەنجامداوە، کە داوایان لێکراوە چیرۆکی هونەری لەسەر بابەتە جیاوازەکانی وەک ( دەریاکان، دارستانەکان، ژیان لەسەر هەسارەکانی دیکە) بنوسن.

بەشداربوانی توێژینەوەکە دابەشکراون بەسەر سێ گروپی جیاوزدا، کە داواکراوە بەشێکیان زۆر بە کەمی پشت بە ژیریی دەستکرد ببەست بۆ نوسینەکانیان و، گروپی دووەم بە پشتبەستنێکی زۆرتر ژیریی دەستکرد بەکاربهێنن،  بەڵام گروپی سێیەم نابێت بە هیچ شێوەیەک ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنن.

لە ئەنجامدا دەرکەوتوە، ئەوانەی ژیری دەستکردیان بەکارهێناوە،  تا ئاستی لە 10٪ بیرۆکەکانیان داهێنەربووە، بە ڕێژەی 22% چێژبەخشتری کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەرکەوتوە ئەوانەی پشتیان بە ئەی ئای بەستووە بۆ نوسینی چیرۆکەکانیان، بەراورد بەو کەسانەی هیچ ژیریی دەستکردیان بەکارنەهێناوە، سەرجەم چیرۆکەکانی ژیریی دەستکردەکە لەیەک دەچن و ناوەرۆکەکانیان لەیەکەوە نزیکە و دوبارەن.

لە ئەنجامدا توێژەران گەیشتونەتە ئەو بروایەی، کە دەکرێت ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد ئاسانکاری بۆ نوسەران بکات لە کاتی نویسنی بەرهەمەکانیان، بەڵام بە تێپەربوونی کات هەمەجۆری و رەسەنایەتی و داهێنان لەبەرهەمەکنایاندا بەرەو کزی و کەم ئەزموونی دەیانبات.

ئەوان ئەم نمونەیەیان بەراوردکردوە بە توانای فێربوونی منداڵێک، کە ئەگەربێتوو لەسەرەتای فێربوونیدا بژمێر یاخود حاسیبەی پێبدەیت پێش ئەوەی خۆی فێری کارامەییە سەرەتایەکانی زانستی بیرکاری ببێت، ئەوا وادەکات ئەزمون و توانای خۆی لاوازببێت و بەردەوام پشت بە ئامرازی دیکە ببەستێت بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی. ئەمەش دەمانگەیەنێت بەو راستییەی، پێویستە مرۆڤەکان بە وریای و بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئامرازەکانی ژیریی دەستکردا بکەن تاوەکو سودەکانی زیاتربێت لە زیانەکانی.