هاکان فیدان باسی گرنگیی پرۆژەى رێگاى گەشەپێدانى عێراق دەکات

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، فۆتۆ: AP

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوادارە لە چەند مانگی داهاتوودا پرۆژەی رێگای گەشەپێدانی (تورکیا- عێراق) كە گرنگیی بۆ ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

وەزیرى دەرەوەى تورکیا، بە ئاژانسى ئەنادۆڵى تورکى راگەیاندووە، "گواستنەوەى وزەى عێراق بەبێ بەشداریی تورکیا لەناوچەکەدا ناتوانێت کاریگەر و بەردەوام بێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە لە 25ى ئازارەوە وەستاوە.

پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ بەستنەوەی بە بەندەری گەورەی فاو و گواستنەوەى کاڵا لە کەناراوەکانی باشووری عێراق بۆ سنووری تورکیا بەدرێژکردنەوەی هێڵی شەمەندەفەر، تێچووەکەى بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

رێگەی گەشەپێدان ئامانجی بەستنەوەی بەندەری فاوە لەباشووری عێراق کە دەوڵەمەندە بە نەوت لەگەڵ تورکیا، وڵاتەکە دەکاتە ناوەندێکی ترانزێت بە کورتکردنەوەی ماوەی گەشتکردن لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا لەهەوڵێکدا بۆ رکابەریکردن لەگەڵ کەناڵی سوێس.

حکومەتی عێراق پێشبینی دەکات شەمەندەفەرەكان بەخێرایی تاوەکو 300 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەلوپەل و سەرنشین بگوازنەوە، ئەمە جگە لە درێژکردنەوەی هێڵەکان بۆ ناوەندە پیشەسازی و وزە ناوخۆییەکان کە دەکرێت بۆری نەوت و گاز لەخۆ بگرێت.

رێگەى گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەتر هێڵى ئاسن لەخۆدەگرێت کە عێراق بەوڵاتانى دراوسێوە دەبەستێتەوە.