هۆكاری كەمبوونەوەی فرۆشی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی ئۆتۆمبێل ئاشكرا دەكرێت

مانگرتنی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا. فۆتۆ: AP

پێشکەوتن لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان مەترسی بۆ پیشەسازیی ئۆتۆمبێل دروستکردووە لەجیهاندا، فرۆشی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. چین بە سەرمەشقى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى کارەبایی هەژمار دەکرێت و لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا، 55%ى ئۆتۆمبێلى کارەبایی جیهانى بەرهەمهێناوە.

پێشکەوتنەکانی چین لە پیشەسازیی باتریدا، بە هۆکارى سەرەکیی دادەنرێت بۆ پێشەنگبوونی لەبەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا، ئەوەش سەریکێشاوە بۆ دابەزینى بەهاى بازاڕ و پشکى کۆمپانیاکانى ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا.

دابەزینی پشکی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا، بووەتەهۆی مانگرتنی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێل (UAW) و داوای پێداچوونەوە بە مەرجەکانی گرێبەستی نوێی کار دەکەن.

لە سێ کارگە کە خاوەندارێتیی کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرز، فۆرد و ستێلانتیس دەکەن، 13هەزار کارمەند وازیان لەکارەکانیان هێنا.

مانگرتووان داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن بەڕێژەی %40، یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێل UAW کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 140 هەزار کارمەندی کۆمپانیاکە دەکات، هۆشداری فراوانبوونی مانگرتنەکە دەدات.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری خۆی بۆ مانگرتووان دەربڕی و رایگەیاند: " کرێکارانی ئۆتۆمبێلی مانگرتوو شایەنی دادپەروەرین، پێویستە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانیاندا بکرێتەوە".

کۆمپانیاکان بۆچوونیان وایە داواکارییەکانی یەکێتییەکە سەختن، لەکاتێکدا کە ملیاران دۆلار خەرج دەکەن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە ئۆتۆمبێلی کارەباییدا.

هەروەها ماری بارا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرز رایگەیاند،" بەردەوامین لە دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان".

فراوانبوونی مانگرتنەکان، مەترسیی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل و بەرەوپێشچوون و بەرهەمهێنانی زیاتری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی چین دروستكردووە.