دادگاى دهۆک سزاى سێ ساڵ زیندانى بەسەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد سەپاند
رێبوار حەمەوەیس 29/07/2024

سلێمان ئەحمەدى رۆژنامەنووس، دواى 280 رۆژ لە دەستگیرکردنى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى دهۆکەوە، ئەمڕۆ دادگایی کرا و سزاى سێ ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا.
رەمەزان ئەرتیسى، پارێزەرى سلێمان ئەحمەد، بە رۆژنامەوانانى رایگەیاند، هەرچەندە سلێمان ئەحمەد، رۆژنامەنووسە و کارى بۆ دەزگایەکى رێگەپێدراو کردووە بەڵام دادوەر بە گوێرەى یاساى رۆژنامەگەریى دادگایی نەکردووە و بەگوێرەى ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى دادگایی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ماددەی 156 ئەو ماددەیەیە کە حکومەتى عێراق لە شەستەکانى سەدەى رابردوو ئەندامانى بزاڤى شۆڕشى گەلى کوردستانى پێ زیندانیکردووە.
پارێزەرەکەى سلێمان ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەراى نکۆڵیکردن لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەى کراوە، دادگا بە تۆمەتى سیخوڕیى بۆ دەزگایەکى دەرەکى سزاى سلێمان ئەحمەدى داوە.
loading....