کۆمیسیۆن لەبارەى ژمارەى بنکەکانى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڕیاریدا
کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیارى لەبارەى ژمارەى بنکە و وێستگەکانى دەنگدانیى تایبەت و گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند "کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بڕیارى لەبارەى ژمارەى بنکە و وێستگەکانى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەرکرد و بەگوێرەى بڕیارەکە لە هەر چوار بازنەکەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان 1266 بنکەى دەنگدان و 6318 وێستگەى دەنگدان بۆ دەنگدانیى گشتیى دەکرێتەوە".
جومانە غەلاى ئاماژەى بەوە کرد "بە بڕیارى کۆمیسیۆن و بۆ دەنگدانى تایبەت لە هەر چوار بازنەکەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان 165 بنکەى دەنگدان و 749 وێستگەى دەنگدان دەکرێتەوە".
گوتەبێژى کۆمیسیۆن ئاماژەى بەوە کرد، ژمارەى دەنگدەرانى دەنگدانى گشتى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بریتییە لە 2683618 دەنگدەر و ژمارەى دەنگدەرانى دەنگدانى تایبەت بریتییە لە 215960 دەنگدەر و بەکۆى گشتى 2899578 دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکەدا مافى دەنگدانیان هەیە.
جومانە غەلاى داواى لە هاوڵاتیان کرد کە کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان وەربگرنەوە و گوتى "داوا لە دەنگدەران دەکەین ئەوانەى کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە سەردانى نزیکترین بنکە بکەن و کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان وەربگرنەوە".
بەگوێرەى ئامارەکان، هەزار و 198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، کۆتایى پێکهاتەکان، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکردووە.
ئامادەکارییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەردەوامە و بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکە بەرێوەبچێت.
30/07/2024