رووماڵی کەناڵ8
ئیسماعیل هەنییە لە تاران کوژرا
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى حەماس لە تارانى پایتەختى ئێران بەئامانج گیرا و کوژرا، بزووتنەوەى حەماسیش، ئیسرائیل بە کوشتنى تۆمەتبار دەکات و حکومەتى ئیسرائیلیش داواى لە وەزیرەکانى کردووە هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە نەدەن.
31/07/2024
ئیسماعیل هەنییە لە تاران کوژرا
عێراق سەرکۆنەى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە دەکات
وەزارەتى دەرەوەى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەتوندى سەرکۆنەى تیرۆرکردنى ئیسماعیل هەنییە سەرۆکى مەکتەبى سیاسیی بزووتنەوەى حەماس دەکەین".
راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق کوشتنەکە بە کارێکى "دوژمنکارانە" ناودەبات و دەڵێت " تیرۆرکردنى هەنییە کارێکى دوژمنکارانە و پێشێلکردنێکى دیاریى یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریى ناوچەکە".
وادەى ناشتنى تەرمى ئیسماعیل هەنییە دیارییکرا
بزووتنەوەى حەماس رایگەیاند "رۆژى هەینى مەراسیمى بەخاکسپاردنى تەرمى ئیسماعیل هەنییە لە وڵاتى قەتەر ئەنجامدەدرێت".
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى بزووتنەوەکە "رۆژى هەینى لە مزگەوتى ئیمام محەمەد بن عەبدولوەهاب لە دەوحە نوێژى مردوو لەسەر تەرمى هەنییە دەکرێت".
ئاماژە بەوەش کراوە "بەر لە گواستنەوەى تەرمەکەى هەنییە بۆ دەوحە، رۆژى پێنجشەممە مەراسیمێکى تایبەت بۆ هەنییە لە تاران ئەنجام دەدرێت".
ئەو کەسە کێ بوو لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە کوژرا؟
میدیاى بزووتنەوەى حەماس وێنەى ئەو پاسەوانەى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەکەیان بڵاوکردووەتەوە، کە لە تاران لەگەڵیدا کوژرا.
بەگوێرەى زانیارییەکانى میدیاى حەماس، ئەو کەسە ناوى 'وەسیم ئەبو شەعبان'ەو پاسەوانى تایبەتى هەنییە بووە.
روونیشکراوەتەوە، وەسیم لە سەردانەکەى هەنییەبۆ تارانى پایەتەختى ئێران بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى سوێندخواردنى مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى نوێى ئێران یاوەریى کردووە.
میدیای حـ.ـەماس ئاشكراشیكردووە، وسام ئەبو شەعبان فەرماندەی هێزی نوخبەی غەززە دواتر پاسەوانی تایبەتی ئیسماعیل هەنییە بووە.
رووسیا: کوشتنى ئیسماعیل هەنیە سیاسییە و قبوڵنەکراوە
رووسیا ئیدانەى کوشتنى ئیسماعیل هەنیە دەکات و بە تیرۆرێکى سیاسى قبوڵنەکراو ناوى دەبات و دەڵێت، کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر دانوستاندنەکان لەسەر کەرتی غەززە و زیادبوونى گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێت.
میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، بە ئاژانسی هەواڵی ریا نۆڤۆستی راگەیاند، "کوشتنى ئیسماعیل هەنیە، تیرۆرێکی سیاسی تەواو قبوڵنەکراوە، و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان".
گوتیشى، "کوشتنى ئەو سەرکردەیەى حەماس، کاریگەریی زۆر نەرێنی دەبێت لەسەر دانوستاندنەکان لەسەر کەرتی غەززە".
لای خۆیەوە، کۆنستنتین کۆساچۆڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند، "ئێستا پێشبینی بەرزبوونەوەی گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەن".
گوتیشى، "ئیسرائیل بەرپرسیارە لە دۆخەکە و ئێستا سەختترین رووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکە دەستیپێکردووە".
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ پێشوازیی لە ئیسماعیل هانیە کرد و تێیدا گفتوگۆ لەبارەى کێشەکانى فەڵەستن و ئیسرائیل کرا.
دەستەى پەخشى ئیسرائیل: ئەو مووشەکەى هەنییەى پێکوژراوە لە دەرەوەى ئێرانەوە هەڵدراوە
دەستەى پەخشى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو مووشەکەى هەنییەى پێکوژراوە لە دەرەوەى ئێرانەوە هەڵدراوە، هاوکات بزووتنەوەى حەماس ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو مووشەکەى ئیسماعیل هەنیەى پێکوژراوە، بەتایبەت ئاڕاستەى جەستەى ناوبراو کراوە.
دەستەى پەخشى ئیسرائیل ئاماژەى بەوەکردووە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى حەماس بە مووشەکێک کوژراوە کە لە دەوڵەتێکى دەرەوەى ئێرانەوە ئاڕاستەى کراوە، مووشەکەکە لە ئاسمانى ئێرانەوە هەڵنەدراوە.
هاوکات، ئاژانسەکانى ئێران ئاشکرایانکردووە، ئەو مووشەکەى ئاڕاستەى ئیسماعیل هەنییە کراوە لەناو ئێرانەوە یاخود لە ئاسمانى ئێرانەوە هەڵنەدراوە، بەڵام لە دەوڵەتێکى دیکەوە ئاڕاستەکراوە.
روونیشکراوەتەوە، هەنییە لە شوێنێکى نیشتەجێبوونى تایبەت بە سەرباز و شەڕکەرە دێرینەکاندا بووە لە باکوورى ئێران و کاتژمێر 2:00ـى سەرلەبەیانى کوژراوە.
هەر لەبارەى کوژرانى ئیسماعیل هەنییەوە، بزووتنەوەى حەماس بڵاویکردووەتەوە، مووشەکەکە بەتایبەتى ئاڕاستەى جەستەى هەنیە کراوە و تەنیا خۆى و پاسەوانێکى کوژراون.
تورکیا: هەنییە بە تیرۆرێکی نامەردانە کوژرا و شەرمەزاری دەکەین
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە شەرمەزار دەکات و بە "نامەردانە" ناوی دەبات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس لە تاران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەنیە بە "نامەردانە" کوژراوە و شەرمەزاری دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتەکەی نەتانیاهوو پیشانیدا کە نیازی گەیشتن بە ئاشتی نییە و ئامانجیشی لەم هێرشە، پێدانی رەهەندێکی هەرێمییە بە جەنگی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رەخنە لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەگرێت و دەڵێت، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ راگرتنی ئیسرائیل نەکات، ناوچەکە رووبەڕووی پێکدادانی گەورەتر دەبێتەوە.
وەزیرى کولتوورى ئیسرائیل: بە کوژرانى هەنییە جیهان باشتر دەبێت
وەزیرى کولتوورى ئیسرائیل، لەسەر کوژرانى ئیسماعیل هەنیە، هەڵوێستى خۆى راگەیاند و پێیوایە، بە کوژرانى هەنییە جیهان کەمێک باشتر دەبێت، کۆنگرێسمانێکى کۆمارییەکانى ئەمریکاش دەڵێت، تەنانەت سوپاى پاسدارانیش نەیتوانى هەنیە بپارێزێت.
عەمیحاى ئیلیاهو، وەزیرى کولتوورى ئیسرائیل رایگەیاندووە، کوشتنى ئیسماعیل هەنییە وادەکات جیهان کەمێک باشتر بێت، ئەمە رێگایەکى دروستە بۆ پاککردنەوەى جیهان.
جەختیشی کردووەتەوە، رێککەوتنى خۆبەدەستەوەدانى وەهمى و بەزەیی نییە بۆ ئەو کەسانەى سزاى مردنیان بۆ دەرچووە.
کۆشکى سپی ئەمریکاش رایگەیاندووە، زانیارییان لە بارەى راپۆرتەکانى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە هەیە.
هاوکات، مایلک والتز، کۆنگرێسمانى کۆمارییەکانى ئەمریکا رایگەیاندووە، تەنانەت سوپاى پاسدارانیش نەیتوانى ئیسماعیل هەنییە بپارێزێت.
بەرپرسێکی حەماس: کوشتنی هەنييە بێوەڵام نابێت
ئەندامێکى مەکتەبی سياسیی بزووتنەوەی حەماس رايگەياند، کوشتنی ئيسماعيل هەنيیە کارێکی ترسنۆکانەيە و بێوەڵام نابێت.
موسا ئەبو مەرزوق، ئەندامى مەکتەبی سياسی بزووتنەوەی حەماس، دواى کوژرانى ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند، کوشتنى سەرۆکى مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیان بێوەڵام نابێت.
هاوکات، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستين رايگەياند، "بەتوندی ئیدانەی تیرۆرکردنی ئيسماعيل هەنيیە سەرۆکی حەماس دەکەین".
دەشڵێت، "تیرۆرکردنی هەنییە کارێکی ترسنۆکانە و پێشهاتێکی مەترسیدارە، داواش لە جەماوەر و هێزەکانی گەلەکەمان دەکەم کە لە بەرامبەر داگیرکاریی ئیسرائیلدا یەکگرتوو و ئارام و خۆڕاگر بن".
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیش لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردووەتەوە، ماتەمینی بۆ رێبەری گەورەی نەتەوەیی ئیسماعیل هەنييە رادەگەيەنن و یەکگرتوویی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە تێکۆشان دووپات دەکەنەوە.
بزوتنەوەکە دەشڵێت، "ئەو تیرۆرەی دوژمن لە دژی یەکێک لە سیمبولەکانمان ئەنجامی دەدات، گەلەکەمان لە بەردەوامیی خۆڕاگریی پاشگەز ناکاتەوە".
هەرچەندە کۆشکی سپی بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەياندووە، بەڵام لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردووەتەوە، "ئاگاداری ئەو هەواڵانەن کە باس لە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنيیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تاران دەکەن".
میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، نووسینگەی بنیامین نەتانياهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رێنمایی بۆ وەزیرانی حکومەتەکەى دەرکردووە، کە هیچ لێدوانێک لەسەر تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیيە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس نەدەن.
حەماس: ئیسماعیل هەنییە لە بۆردوومانێکى ئیسرائیلدا لە تاران کوژرا
بزووتنەوەى حەماس بڵاویکردووەتەوە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەکە لە تارانى پایتەختى ئێران بەئامانج گیراوە و کوژراوە.
بزووتنەوەى حەماس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەنییە لە هێرشێکى ئیسرائیلدا لە شوێنى مانەوەى لە تاران کوژراوە، ئەوەش دواى بەشداریکردنى لە رێوڕەسمى دەستبەکاربوونى مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى نوێى ئێران.
هاوکات، سوپاى پاسدارانى ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "هەنییە لەگەڵ پاسەوانێکیدا لە ئەنجامى بۆردوومانکردنى شوێنى مانەوەى لە تاران تیرۆر کراوە".
روونیشکراوەتەوە، "لێکۆڵینەوە لە رووداوى تیرۆرکردنەکە دەستیپێکردووە، دواتر ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان ئاشکرادەکەین".
لەبارەى هێرشەکەوە ئاژانسى تەسنیم ئاماژەى بەوەکردووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوى کوشتنى هەنییە دەستیپێکردووە و بەمنزیکانە ئەنجامەکەى ئاشکرا دەکرێت.
دوێنێ سێشەممە 30ـى 7ـى 2024، رێوڕەسمى سوێندخواردنى مەسعود پزیشکیان، وەکو سەرۆککۆمارى ئێران لە تارانى پایەتەختى ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، تێیدا نوێنەرانى نزیکەى 80 وڵات بەشداربوون، یەکێک لەوانەش ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى حەماس.
پێشتریش، سێ کوڕ و سێ نەوەى ئیسماعیل هەنییە لە بۆردوومانێکى ئیسرائیلدا لە کەرتى غەززە کوژران، ماوەیەک دواى ئەوەش خوشکێکى ناوبراو و ئەندامانى خێزانەکەى بەهەمان شێوە بەهۆى بەئامانجگرتنى خانووەکەیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە کوژران.
لە رۆژى 7ـى تشرینى یەکەمى 2023، دواى هێرشێکى بزووتنەوەى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشەکانى سوپاى ئیسرائیل بۆ سەر کەرتى غەززە دەستیانپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.
بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى تەندروستى کەرتى غەززە، زياتر لە 36 هەزار کەس کوژراون کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن و دەیان هەزار کەسى دیکەش بریندارن.