تورکیا ئەپڵیکەیشنی ئینستاگرامی راگرت
تورکیا بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی ئیسنتاگرامی راگرت و لە ئێستادا هاوڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیا ناتوانن ئەپڵیکەیشنەکە بەکاربهێنن.
دامەزراوەی پەیوەندی و زانیارییە تەکنۆلۆژییەکان لە راگەیەندراوێکی کورتدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بە بڕیاری دامەزراوەکەمان، لە ئەمڕۆ هەینی 2ـی ئابەوە، رێگری لە کارکردنی ئینستاگرام دەکرێت."
دامەزراوەکە و هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی فەرمیی تورکیا، هۆکاری رێگرتن لە کارکردنی ئینستاگرامییان رووننەکردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە رۆژی 31ـی تەمووزی 2024 رایگەیاند، "بە توندی سەرکۆنەی ئینستاگرام دەکەین کە بەبێ پیشاندانی هیچ پاساوێک، رێگریی لە پرسەی هاووڵاتییانمان دەکات کە بەبۆنەی شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییەوە بڵاویدەکەنەوە. ئەم کارە هەوڵێکی سانسۆرکردنی زۆر روون و ئاشکرایە."
02/08/2024