لە یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژدی شنگالدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە نیگەرانن لەوەی کاری پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەکراوە و دەشڵێت، تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە.
قوباد تاڵەبانی لە راگەیەندراوەکەیدا باسى لەوەشکردووە، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا، هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە و بیری توندڕەویی و قبوڵنەکردنی جیاوازییەکانی یەکتر، کە هۆکار و سەرچاوەی تیرۆر و جینۆساید و سڕینەوەی جیاوازییەکانن، بەردەوامە.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، دوای 10 ساڵ نیگەرانین کە هێشتا کاری پێویست نەکراوە بۆ سەقامگیریی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان. هەروەک، نیگەرانین کە هێشتا وەک پێویست قەرەبووی قوربانییەکان نەکراوەتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، هەرچی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و بەردەوام دەبین لەهەوڵەکانمان لەپێناو ئارامبوونەوەی تەواوەتی شنگال و دەوروبەری و بەرقەراربوونی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی خوشک و برایانمان لەو ناوچانە.