سعودییە و تورکیا و چەندین وڵاتی دیکە داوایان لەهاوڵاتییانیان کرد بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن

بۆردوومانێکى سوپاى ئیسرائیل بۆ سەر گوندى عیتا شەعبى لوبنانى لەسەر سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات. فۆتۆ: AP
بۆردوومانێکى سوپاى ئیسرائیل بۆ سەر گوندى عیتا شەعبى لوبنانى لەسەر سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات. فۆتۆ: AP

دوای هێرشە مووشەکییەکانی دوێنێ شەوی حزبوڵا بۆسەر ئیسرائیل، سعودییە و تورکیا و  ژمارەیەکی دیکەی وڵاتان داوایان لە هاوڵاتییانیان کرد بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن.

باڵیۆزی سعودییە لە بەیروت لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، بەهۆی پەرەسەندنەکانی باشووری لوبنان داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بەبێ دواکەوتن لوبنان بەجێبهێڵن.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای لە هاوڵاتییانی کردووە، ئەگەر پێویستنەبێت گەشت بۆ لوبنان نەکەن و ئەو هاوڵاتیانەشیان کە لەو وڵاتەن بە زووی وڵاتەکە جێبهێڵن.

هەر ئەمڕۆ، وڵاتانی فەڕەنسا، کەنەدا و ئوردن داوایان لە هاوڵاتییانیان کرد بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن.

باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەیروت دۆخەکەی زۆر بەهەستیار ناوبردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران و گرووپەکانی سەر بە تاران لەئامادە باشیدان بۆ تۆڵەکردنەوەی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و بەوهۆیەوە چاوەڕێی گرژی و ئاڵۆزی مەترسیدار لەناوچەکە دەکەن.

دوێنێش، هەریەک لە بەریتانیا و ئەمریکا هەمان هۆشدارییان دایە هاوڵاتییانیان و داوایان کرد هەرچۆنێک بووە لوبنان بەجێبهێڵن ئەگەر بۆ وڵاتێکی دیکەی دەوروبەریش بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پۆلیسی تەلئەڤیڤ رایگەیاند، هاوڵاتییەکی فەڵەستینی لەنزیک تەلئەڤیڤ بەچەقۆ هێرشی کردووەتە سەر دوو هاوڵاتی ئیسرائیلی بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.