تەندروستیى سلێمانى: رۆژانە زیاتر لە هەزار نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەى شاریان کردووە

بەگوێرەى ئامارێکى بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى سلێمانى، لە یەک مانگى رابردوودا، نزیکەى 56 هەزار شیکارى تاقیگەیی ئەنجامدراوە و رۆژانەش زیاتر لە هەزار نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەى شاریان کردووە.

بەگوێرەى ئامارەکە، لە یەک تاوەکو 31ـی تەمموزی 2024، 56 هەزار چارەخواز سەردانى تاقیگەکانیان کردووە بە مەبەستى ئەنجامدانى شیکاریی تاقیگەیی.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەماوەى ئەو مانگەدا 34 هەزار و 78 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەى شاریان کردووە،لەو ژمارەیە 26 هەزار و 897 نەخۆشیان سەردانى بەشى فریاکەوتنیان کردووە.

لە ئامارەکەى تەندروستیى سلێمانیدا هاتووە، لەمانگێکدا 174نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەى سووتاوى ئەنجامدراوە و 863 منداڵیش لە نەخۆشخانەى منداڵبوونى فیرکارى لەدایکبوون، 468 نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەى نەشتەرگەریی فێرکارى ئەنجامدراوە، 477 بوژانەوەى دڵ لە نەخۆشخانەى پسپۆرییەکانى دڵ ئەنجامدراوە، 9 هەزار و 191چارەخوازیش روویان لە نەخۆشخانەى شەهید ئاسۆکردووە.

هەر بەگوێرەى ئامارەکە، لەو مانگەدا 3 هەزار و 985 بوتڵ خوێن وەرگیراوە و 3 هەزار و 645 چارەخواز سەردانى سەنتەرى شۆڕش-ى ددانیان کردووە، 2 هەزار و 579 نەخۆش لە نەخۆشخانەى هەرس و جگەر بینراون و هەزار و 356 مەمۆگرافى بۆ دەستنیشانکردنى پیشوەختەى شێرپەنجەى مەمک ئەنجامدراوە، 18هەزار و 181منداڵ لەنەخۆشخانەى د. جەمال ئەحمەد رەشید چارەسەریان بۆکراوە.