تەندروستیی جیهانی لەبارەى پەتای مەیمونەوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی. فۆتۆ: AFP

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای مەیمون لە وڵاتانی ئەفریقا ئەنجامدەدات.

لەوبارەیەوە، تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە گرنگ و پێویستە و دەستەی فریاگوزاریی خێرا لەوبارەیەوە راپۆرتێک رادەستی ئەو دەکەن و تێیدا سەرنجی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش رووندەکەنەوە.

ئەدهانۆم ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە بەشێک دەبێت لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوە و رێگرتن لە مەترسی پەتای مەیمون کە بەشێکی زۆر لەوڵاتانی ئەفریقای هەراسان کردووە.

پەتای مەیمون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەیە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەهۆی بەریەککەوتنی راستەوخۆشەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئازاری ماسولکە و دەرکەوتنی برین لەسەر پێست لە گرنگترین نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەیە.