ژیریی دەستکرد دەتوانێت پێشوەختە ئەگەری ئۆتیزم لە منداڵاندا دەربخات
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە ژیریی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیی دەستنیشانکردنی ئۆتیزم لەو منداڵانەدا بدات کە ئەگەری تووشبوونیان بە ئۆتیزم هەیە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی جامادا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا چوار پڕۆگرامی ژیریی دەستکرد بە بەکارهێنانی داتای 30 هەزار کەس تاقیکرانەوە، لەو چوارەشدا پڕۆگرامی ئەوتمێدئەیئای وردترین ئەنجامی هەبوو.
پڕۆگرامەکە بە لێکدانەوەی چەند زانیارییەک لەسەر منداڵانی تەمەنی خوار دوو ساڵ، پێشبینیی تووشبوونی منداڵەکانی کرد بە ئۆتیزم. زانیارییەکان بریتیبوون لە تەمەنی منداڵەکە کاتێک بۆ یەکەمجار پێکەنی، کاتێک یەکەم رستەی گوت، هەروەها هەبوونی هەر ئاستەنگییەک لەکاتی خواردن و چەند زانیارییەکی دیکە.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریانخست کە ئەم پڕۆگرامە بە رێژەی 80٪ سەرکەوتووبووە لە دەستنیشانکردنی منداڵانی خوار تەمەنی دوو ساڵی بە ئۆتیزم.
لەگەڵ ئۆتیزمدا، پڕۆگرامەکە توانیویشیەتی ئەو منداڵانەش دەستنیشانبکات کە لە داهاتوودا تووشی گرفتی گەشە، گرفتی هزری و کۆمەڵایەتی دەبن.
توێژەران و پسپۆڕان ئەم پڕۆگرامە وەکو هیوایەکی گەورە دەبینن لە دەستنیشانکردنی ئۆتیزمدا و ئەم دەستنیشانکردنە خێرا و پێشوەختەیەش یارمەتیی پسپۆڕان دەدات زووتر دەست بە چارەسەر و راهێنانەکان بکەن و ئاسانتر پەشێوییەکە کۆنترۆڵبکەن.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەم پڕۆگرامە تاقیکردنەوە و توێژینەوەی زیاتری پێویستە بۆئەوەی بتوانرێت بە زووترین کات بەشێوازێکی پراکتیکی بۆ چارەخوازان بەکاربهێنرێت.
22/08/2024