تورکیا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشە درۆنییەکەی سەیدسادق راگەیاند

میت بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشە درۆنییەکەی هەفتەی رابردووی سەیدسادق راگەیاند، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستدا.

رۆژی 23ـی ئەم مانگە لە سەر رێگەى سەیدسادق- هەڵەبجە، بە درۆن ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە دوو ژنە رۆژنامەنووس گیانیانلەدەستدا کەسێکی دیکە برینداربوو.

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا 'میت" لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی درۆنیدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 'گوڵستان تەکیک"یان کوشتووە.

میت دەڵێت، هەنگاو بە هەنگاو بەدوای گوڵستان تەکیکەوە بوون تاوەکو ئەو کاتەی لە ساتێکی گونجاودا بەئامانجیان گرتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی میت، گوڵستان تەکیک یەکێک بووە لە متمانەپێکراوه‌كانی به‌رپرسانی باڵای په‌كه‌كه‌.

وەک میت ئاماژەی پێکردووە، تەکیک بانگەشەی بۆ پەکەکە و بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکە کردووە، هاوکات کاری بۆ زیادکردنی بەشدارییەکان بۆ نێو پەکەکە کردووە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تەکیک لە ساڵی ١٩٩٨وە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کردووە.

لە راگەیەندراورکەی میتدا، ئاماژە بە هێرۆ بەهادین نەکراوە کە له‌هه‌مان ئۆتۆمبێلدا بووه‌ و به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ گیانیله‌ده‌ستدابوو.