کریاتین چییە و بۆچی گرنگە؟
کریاتین سەرچاوەیەکی سروشتیی وزەیە کە هاریکاریی گرژبوونی ماسولکەکان دەکات. کریاتین وزەیەکی بەردەوام و ماوەدرێژ دەدات بە ماسولکەکان، بەم شێوەیەش ماسولکەکان درێژە بە کار و چالاکییەکانیان دەدەن.
کریاتین لە سێ جۆر ترشی ئەمینی پێکدێت، ئەوانیش بریتینلە ترشی ئەمینیی گلایسین، ئارجینین و میسیۆنین. نزیکەی 50%ـی کریاتینی نێو جەستە لە خۆراکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانەش:
- گۆشتی سوور
- خواردنی دەریایی
- بەرهەمە شیرەمەنییەکان
نیوەکەی دیکەی کریاتین لە جەستەدا بە شێوەیەکی سروشتی لەلایەن هەریەکە لە ئەندامەکانی جگەر، گورچیلە و پەنکریاسەوە بەرهەمدەهێنرێت. بە شێوەیەکی ئاسایی، رۆژانە جەستە بڕی یەک بۆ دوو گرام کریاتین بەرهەمدەهێنێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماسولکەکاندا هەڵدەگیرێن.
بەدەر لەم جۆرانە، کریاتین لە شێوەی تەواوکەری خۆراکیشدا بەردەستە. کۆمپانیاکان کریاتین لە شێوەی حەب، پاودەر، کەپسول و چەندین جۆری جیاوازی دیکەدا دەخەنەڕوو.
تەواوکەری خۆراکیی کریاتین
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی کریاتین لەڕووی تەندروستییەوە سەلامەتە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی کە ئایا وەرگرتنی کریاتین لەلایەن ئەوانەی شیردەدەن، یانیش ئەوانەی نەخۆشیی جگەر، گورچیلە و شەکرەیان هەیە، سەلامەتە یان نا.
کریاتین و بوونیادنانی ماسولکە
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، وەرگرتنی کریاتین، هاوتەریب لەگەڵ ئەنجامدانی راهێنانی بەردەوام، دەکرێت یارمەتیی گەشەی ماسولکەکان لە کەسانی تەمەن 18 بۆ 30 ساڵدا بدات. ئەم ماددەیە کار بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان و توانای کەسەکە دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە توێژینەوەکان دەڵێن، تەواوکەری خۆراکیی کریاتین فرمانی مێشک باشتردەکات و کاریگەریی لەسەر توانای یادگە دەبێت.
سەلامەتی و کاریگەرییە لاوەکییەکان
گرنگە لە کاتی کڕینی بەرهەمەکانی کریاتیندا، براندێکی باوەڕپێکراو و فەرمی بکڕدرێت. هاوکات کۆمەڵێک توێژینەوە دەڵێن، نابێت کریاتین و کافایین پێکەوە بەکاربهێنرێن، چونکە کافایین کاریگەریی کریاتین کەمدەکاتەوە.
وەکو باسکرا، وەرگرتنی کریاتین لە شێوەی تەواوکەری خۆراکیدا ئاساییە، بەڵام دەبێت راوێژ بە پزیشک بکرێت بۆ دیاریکردنی ژەمی رۆژانە. هاوکات دەبێت بەردەوام رێنمایی لە پزیشکی پسپۆڕەوە وەربگیرێت، چونکە شێوازی بەکارهێنانی کریاتین بەگوێرەی تەمەن و ئاستی پێویستییەکان دەگۆڕێت
کریاتین و پشکنینی گورچیلە
لە چوارچێوەی بەکارهێنانی کریاتین لە ماسولکە خانەکاندا بۆ بەرهەمهێنانی وزە، بەشێک لەم ماددەیە دەگۆڕێت بۆ پاشەڕۆی خانەیی کە بە ”کریاتینین“ ناودەبرێت. پاش ئەم پرۆسەیە، ماددەی کریاتینین لەڕێگەی سووڕی خوێنەوە دەگات بە گورچیلەکان و لەوێدا دەپاڵێورێت و لەڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوەی جەستە.
زۆرجار پزیشکان پشت بە ئاستی کریاتینین لە خوێندا دەبەستن بۆ هەڵسەنگاندنی کاروچالاکیی گورچیلەکان. ئاستی ئاسایی کریاتینین لە خانماندا لەنێوان 0.5 بۆ 1.1 میلیگرام بۆ هەر دیسیلیتەرێکدایە و بۆ پیاوانیش رێژەکە لەنێوان 0.6 بۆ 1.3 دایە.
بەرزیی رێژەی کریاتین لە پیاواندا بە بەراورد بە خانمان، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە پیاوان ماسولکەکانیان لە خانمان گەورەترە، هەر بۆیە پێویستیان بە بڕێکی زیاتر لە کریاتین هەیە، بەم جۆرەش ئەگەر بڕی کریاتین زیاتربێت، ئەوا بڕی ماددەی کریاتینینیش زیاتر دەبێت.
30/08/2024