خامنەیی داوای کۆبوونەوەی بەپەلەى ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کرد

عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵای شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران
عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵای شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران

دوای بەئامانجگرتنی بارەگای سەرەکی حیزبوڵا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، عەلی خامنەیی، رێبەرى باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتەکەی کرد.

دوو بەرپرسی باڵای ئێران بەرۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، ئێوارەی دوێنێ هەینی دوای بە ئامانجگرتنی بارەگای سەرەکی حیزبوڵا کە گومان دەکرێت حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی رێکخراوەکەی تێدا بووبێت، عەلی خامنەیی، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی کردووە و پێدەچێت راگەیەندراویشیان هەبێت.

لای خۆشییەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران هێرشەکەی ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد و بە تاوانی جەنگ لەقەڵەمی دا.

پزیشکیان رایگەیاند، ئەو هێرشە سروشتی ئیسرائیلی دەرخست کە وڵاتێکی تیرۆریستە.

هاوکات، عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی رایگەیاند، ئیسرائیل هێڵە سوورەکانی تارانی بەزاندووە و دۆخەکە بەرەو قورستر دەروات.

گوتیشی، کوشتنی بەرپرسەکان چارەسەری کیشەی ئیسرائیل ناکات، ئەو رێکخراوانە چەندین کادیر و بەرپرسی دیکەیان هەیە کە جێگەیان دەگرنەوە.