ئاژەڵە ماڵییەکان بەگشتی سوودبەخشن بۆ مرۆڤ و دەتوانرێت وەک هاوڕێ یان ئەندامێکی خێزان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، هەروەها کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانمان دروستدەکەن و دەتوانین پشیلە وەک نموونە بهێنینەوە.
پشیلە یەکێکە لە کۆنترین ئەو ئاژەڵانەی ماڵی کراوە و لەنێو ماڵەکاندا بەخێوکراوون، یەکەم ئاماژەی مێژوویی بۆ بەخێوکردنی پشیلە لەناو ماڵەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش لە کەناراوەکانی رووباری نیل.
پشیلەکان جگەلەوەی هاوڕێیەکی باشن و ژیانت جوانتر دەکەن، چەندین سوودی تەندروستی و دەروونییان بۆ ژیانی مرۆڤ هەیە کە بریتین لە:
تەندروستیی دڵ
بە گوێرەی توێژینەوە پزیشکییەکان ئەو دەنگەی پشیلە لە سکییەوە دروستیدەکات (مرخە) بۆ تەندروستیی دڵ باشە و یارمەتیدەرە لە رێکخستنی لێدانی دڵ، رێکخستنی پەستانی خوێن و کاری خوێنبەرەکان.
ژینگەی ماڵ
پشیلەکان ناهێڵن هیچ مێشوولە و خشۆکیک لەناو ماڵەکاندا بژین و راوی دەکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە لە پاکكڕاگرتنی ژینگەی شوێنەکە.
هاوڕێی باش
پشیلەکان هاوڕێیەکی باشن و یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە تەنیایی، بە هەڵسوکەوت، جوڵە و یارییەکانیان دڵی کەسەکان خۆشدەکەن.
پاراستنی سیستمی بەرگریی
مووی پشیلە چەند ماددەیەکی کیمیایی تێدایە کاتێک بەر جەستەی مرۆڤ دەکەوون، کارلێکی ئەرێنییان هەیە و ئەو ماددە کیمیاییانە ناهێڵن ڤایرۆس و میکرۆبەکان هەوکردن لەسەر جەستەی مرۆڤەکان دروستبكەن و دووچاری نەخۆشی بكەن.
کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
هەبوونی پشیلە لەناو ماڵەکانماندا وامانلێدەکات بیری لێبکەینەوە و لەگەڵی بین، ئەمەش کەمتر دەرفەت دەهێڵێتەوە بۆ بیرکردنەوە لە خەمۆکی و کێشەکان. هەروەها پشیلەکان حەزیان لە یاریکردن و نیشاندانی خۆشەویستییە، ئەمەش دڵی خاوەنەکەی خۆشدەکات و بیرۆکە خراپەکان دووردەخاتەوە.
تەمەندرێژی
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ماڵپەڕی (هێڵپ گاید)ی ئەمریکی، ئەو کەسانەی لەدوای تەمەنی 65 ساڵییەوە پشیلە بەخێودەکەن، ئەگەری سەردانکردنی پزیشكیان بە رێژەی لەسەدا ٪30 کەمدەبێتەوە و تەمەنیان درێژتر دەبێت.
بەخێوکردنی پشیلە زیرەکترت دەکات
لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی بریستۆڵ لە بەریتانیا دەریخستووە ئەو کەسانەی پشیلە بەخێودەکەن زیرەکترن لەو کەسانەی سەگ یان ئاژەڵی دیکە بەخێودەکەن، ئەمەش بۆ شێواز و تایبەتمەندیی پشیلە دەگەڕێتەوە کە پێویستی بە کەسێکە لێی تێبگات و ئەمەش زۆر شتت فێردەکات.
زمانی پشیلە ساڕێژکەرە
زمانی پشیلە شلەمەنییەکی کیمیایی تێدایە بە ناوی پاپایل، ئەم شلەمەنییە پێکدێت لە کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی وەک کریاتین و پرۆتین کە ساڕێژکەر و پاککەرەوەی برینی مرۆڤەکان و خۆشییەتی.
پشیلە یارمەتیی کەسایەتیت دەدات
بەخێوکردنی پشیلە وەک بەخێوکردنی منداڵێکی هاروهاج وایە؛ بەتایبەت تاوەکو لەگەڵت رادێت، بۆیە دەبێت فێری خۆڕاگری، بەخشندەیی و دڵفراوانی بیت. ئەمەش وادەکات هەندێک تایبەتمەندیی خۆمان بگۆڕین و لەگەڵ پشیلەکان بگونجێین.