چۆن کاریگەرییە نەرێنییەکانی رابردوو لەسەر ژیانمان کەم بکەینەوە؟

هەموو مرۆڤێک رابردوویەکی تایبەتی خۆی هەیە، ئەم رابردووە تایبەتە بە چۆنییەتی گەورەبوونی کەسەکە و هەموو قۆناغەکانی ژیانی. ئەم رابردووە دەکرێت خۆش بێت یاخود پڕبێت لە رووداوی ناخۆش کە هەر یەکێکیان کاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام رابردووە بە ئازارەکان زیاتر کاریگەری لەسەر ژیانمان بەجێدەهێڵێت.

دەتوانیت بەم هەنگاوانە یارمەتیی خۆت بدەیت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی رابردوو لەسەر ژیانت کەم بکەیتەوە:

یەکەم: کاتێک هەست بە گەڕانەوەی یادەوەرییەکان دەکەیت، هەوڵبدە بیریان لێنەکەیتەوە، دەتوانیت بەچەند رێگەیەکی جیاواز ئەم هەنگاوانە بنێیت کە بریتین لە پەیوەندیکردن یان قسەکردن لەگەڵ کەسێکی نزیکت، خوێندنەوە، رێکخستنی ماڵەکەت، وەرزشکردن یان پیاسەیەکی کورت.

دووەم: هەوڵبدە کاتێک رابردووە ناخۆشەکەت بیر دەکەوێتەوە بیکەیت بە چەند بەشێکەوە و بۆ هەر یەکێکیان چارەسەرێک بدۆزیتەوە، بۆ نموونە لەرابردوودا توانای تەواوکردنی خوێندنت نەبووە، ئێستا دەتوانیت خۆت فێری شتە سەرەکییەکان یان زمانێک بکەیت.

سێیەم: کاتێک بیر لە رابردوو دەکەیتەوە هەندێک شت هەیە ناتوانیت بیانگۆڕیت، بۆیە باشتر وایە بیریان لێنەکەیتەوە و بڕوا بە خۆت بهێنیت کە هەموو کەسێک هەڵە دەکات، ئەمەش وەک وانەیەکی گرنگ تەماشا بکە و هەمان هەڵە دووبارە مەکەرەوە.

چوارەم: ئەگەر هەڵە یان کێشەکانی رابردووت پەیوەندییان بە شوێنێکی دیاریکراوەوە هەیە، هەوڵبدە لەو شوێنە دووربکەویتەوە، یاخود سەردانی شوێنێک بکە کە تێیدا دڵخۆشبوویت، ئەمەش وادەکات یادەوەرییە نەرێنییەکان بگۆڕیت بۆ یادەوەریی ئەرێنی.

پێنجەم: رابردووت بەبیربهێنەرەوە یان خۆت بخەرەوە ئەو رابردووە تاڵەی بیری لێدەکەیتەوە، بزانە لەوکاتەدا چەندی کێشەکە هەڵەی تۆ بوو، یان دەتوانیت چی چاک بکەیتەوە و چ شتێکی جیاوازت دەکرد ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ئەو سەردەمە.

شەشەم: هەڵەکانی رابردووت گەورە مەکە یان لە قەبارەی خۆیان زیاتریان پێمەبەخشە، بۆ نموونە مەهێڵە هەڵەیەکی سەردەمی منداڵییت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی داهاتووت دروستبکات و وەک کەموکوڕییەک لە کەسایەتیی خۆتدا تەماشای مەکە.

حەوتەم: ئەگەر تۆ لە بوارێکی تایبەتدا سەرکەوتوو نەبوویت، مانای ئەوەنییە تۆ کەسێکی نەزان و نەشارەزا بیت، بەڵکو رەنگە ئەو بوارە بۆ تۆ نەبێت. بۆ نموونە ئەگەر هەوڵتداوە ببیتە ئەکتەر و سەرکەوتوو نەبوویت، ئەوا رەنگە ئەو بەهرەیەت تێدا نەبێت و ئامانجەکەت بگۆڕە بۆ بوارێکی تر.

هەشتەم: بڕوات بە خۆت هەبێت، بەشێوەیەک ئەگەر هەڵەیەکیشت کرد مەهێڵە کاریگەریت لەسەر دروستبکات، چونکە تۆ لەوە زیرەکتر و بەتواناتریت و دەتوانیت بەسەر ئاستەنگییەکاندا زاڵبیت.

نۆیەم: میدیتەیشن و راهێنانی هەناسەدان بکە، ئەم دوو راهێنانە جەستە و مێشک ئارام دەکەنەوە و بیرۆکە نەرێنییەکانت لە بیر دەبەنەوە.

دەیەم: بزانە چی ئەو رابردووە دەهێنێتەوە یادت، رەنگە وشەیەک، جێگایەک یان رووداوێکی دیاریكراو ئەو رابردووە تاڵەت بیربخاتەوە. بۆیە هەوڵبدە لەو شتانە دوور بکەویتەوە و بەسەر ترسەکانتدا زاڵبە.

یانزەهەم: رابردووەکەت لەگەڵ کەسێکی نزیکی خۆت باس بکە و دەریبڕە، ئەگەر پێویستیکرد بگریت یاخود توڕەیی و دڵگرانییەکەت دەربڕیت، بەهەر شێوەیەک بێت بیکە و لە ناختدا مەیهێڵەرەوە بۆ ئەوەی کەڵەکە و خراپتر نەبێت.

دوانزەهەم: سەردانی پزیشکی دەروونی یان کەسێکی پسپۆڕ بکە چونکە کێشەکانی رابردوو بەزۆری کێشەی دەرونیین و زیاتر لە کاریگەرییە جەستەییەکان دەمێننەوە. بۆیە لەکاتی پێویستدا سەردانی کەسێکی شارەزا یان پزیشکێکی دەروونی بکە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانت.