حیزبەکەى عەبدوڵاى حاجى مەحمود مۆڵەتى کارکردنى وەرگرت

عەبدوڵا حاجى مەحمود
عەبدوڵا حاجى مەحمود

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مۆڵەتى بە حزبێكی نوێ بەناوی "بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانی عێراق"دا، كە لەلایەن عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرێت.

بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ژمارە (30619) كە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆى لەسەرە، تێیدا هاتووە، "بەگوێرەى ماددەكانی (7 و 8) لە یاسای حیزبەكانی هەرێمی كوردستان و بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كورستان، مۆڵەتدرا بە دامەزرانی "بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانی عێراق".

ئەو حیزبە نوێیە لەلایەن عەبدوڵای حاجی مەحمود، برای محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانەوە، سەرۆكایەتی دەكرێت.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ كێشه‌ و ناکۆکیى له‌ نێوان محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارته‌كه‌ و عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمودى براى دروستبوو، بەهۆیەوە مەکتەبى سیاسی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا به ‌دوورخستنه‌وه‌ی عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود، له ‌پۆستی جێگری سه‌رۆك و ئه‌ندامێتى پارتەکە.