کشاناک: رەنگە هەفتەی داهاتوو گوێمان لە دەنگی ئۆجەلان بێت

گوڵتان کشاناک لەبارەی ئەگەری گفتوگۆکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، رەنگە هەفتەی داهاتوو " گوێمان لە دەنگی ئۆجەلان بێت."

گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانی دیاربەکر لەبارەی گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە داوای لە ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان رابگەیەنێت گوتی، " هەموو کەس دەستی  بەرزدەکاتەوە، منیش دەستم بەرزدەکەمەوە و بانگەوازی خۆم هەیە. من بۆچوونم وایە رەنگە 29ی ئەم مانگە و لە یادی راگەیاندنی کۆماری تورکیا، گوێمان لە دەنگی عەبدوڵا ئۆجەلان بێت".

گوتەکانی کشاناک لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، دەستەی پارێزەرانی ئۆجەلان، داواکارییەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی کۆماریی بورسا و بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەی ئیمڕاڵی کرد و داوای دیداری ئۆجەلان و هەریەک لە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاشنیان کرد ،کە زیاتر لە 43 مانگە رێگە بە دیداریان نەدراوە.