چۆن بزانین کۆمپیوتەرەکەمان بۆ یاریی ئەلکترۆنی گونجاوە؟

یارییە ئەلکترۆنییەکان بوونەتە خولیا و بەشێکی گرنگی ژیانی گەیمەرەکان، بەتایبەت یارییە کۆمپیوتەرییەکان کە چێژێکی زیاتر و تایبەتیان هەیە، بەڵام زۆرکات ئەوە دەبیستین، کۆمپیوتەرەکەمان خاو دەبێتەوە و زیانی بەردەکەوێت بەمجۆرە یارییانە.

هەموو کۆمپیوتەرێک توانای ئەوەی هەیە کە یاریی پێبکرێت، بەڵام دەبێت زانیاریمان هەبێت لەسەر چەند تایبەتمەندییەکی ئەو یارییەی دەمانەوێت یاریی پێبکەین، لەگەڵ ئەو کۆمپیوتەرەی کە هەمانە، بەمەش دەتوانین هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەین کە ئایا کۆمپیوتەرەکەمان بۆ یارییکردن شیاوە یاخوود نا.

لە پێش کڕینی هەر گەیمێک پێویستە ئاگاداری سێ زانیاریی سەرەکی ببیت سەبارەت بە کۆمپیوتەرەکەت، یەکەمیان جۆر و خێرایی CPUی سەر کۆمپیوتەرەکەت، دووهەم بڕی RAMی کۆمپیوتەرەکەت بە GB، سێهەم مۆدێل و بڕی رامی کارتی شاشەکە.

گونجاندنی ئەم تایبەتمەندییانە لەگەڵ داواکاری یارییەکە، لە کێشەی خاو بوونەوە و گەرمبوونی کۆمپیوتەرەکەت دەتپارێزێت، ئاگاداربە ئەگەر کۆمپیوتەرەکەت تایبەت نییە بە گەیمینگ، یارییە نوێ و پێشکەوتووەکان بۆتۆ ناگونجێن و دەبنە هۆی زیان بۆ پارچەکانی کۆمپیوتەرەکەت.

کۆمپیوتەری گەیمینگ، لەڕووی کواڵیتییەوە بەرزە و لەڕووی نرخەوە زۆر گران لەسەر گەیمەرەکان دەکەوێت.