/

مایکرۆسۆفت و سۆنی لەبارەی یاریی "کۆڵ ئۆف دیوتی" دەگەنە رێککەوتن

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و سۆنی تەکنەلۆجی، گەیشتنە رێکكەوتن لەبارەی یاریی ئەلکترۆنی، کۆڵ ئۆف دیوتی Call of duty و یاریزانانی ئەم یارییە ئەلکترۆنییە دەتوانن لەرێگەی پلەیستەیشنەوە بەردەوامبن لە یارییکردن.

لەدوای راگەیاندنی رێکكەوتنەکەی نێوان هەردوو کۆمپانیا، مایکرۆسۆفت ئاماژەی بەوەدا بەکارهێنەرانی، کۆل ئۆف دیوتی، لەسەر هەردوو ئامێری پلەیستەیشن Playstation و ئێکس بۆکسیش XBOX دەتوانن بەردەوامبن لە یاریکردن.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە خاوەنی ئامێرەکانی، ئێکس بۆکسی رکابەری پلەیستەیشنە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022، چەند ريکارێکی گرتەبەر تاوەکو دەستبەسەر کۆمپانیای یارییە ئەلکترۆنییەکانی ئاکتیڤیشن بلیزەردی بەرهەمهێنەری یاریی کۆڵ ئۆف دیوتی بگرێت.

فیل سپێنسەر، بەرپرسی بەشی بەرەوپێشبردنی یارییەکان لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، دڵنیایدا بە بەکارهێنەرانی یارییەکەو رایگەیاند؛ هەردوو کۆمپانیا رێکكەوتنێکیان واژۆکردووە، تاوەکو بەردەوامبن لە بەرهەمهێنانی ئەو یارییە.

لەدوای دەستبەسەراگرتنی کۆمپانیای یارییە ئەلکترۆنییەکانی ئاکتیڤیشن بلیزەرد، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بووەتە سێهەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری یارییە ئەلکترۆنەکانی لە دوای کۆمپانیاکانی تێنسێنت و سۆنی.

یاریی ئەلکترۆنی کۆل ئۆف دیوتی، سەرەتا لەساڵی 2003 بۆ یەکەمجار کەوتە بازاڕەوە، تا ساڵی 2021 زیاتر لە 400 ملیۆن یەکەی فرۆشتووە و لەو ساڵەدا بووەتە پڕفرۆشترین یاری ئەلکترۆنی لە جیهاندا.