لەدوای ئەوەی رووبەڕووی رەخنە بووەوە لەبارەی چۆنییەتی پاراستی بەکارهێنەرە بچووکەکانی، پلاتفۆرمی رۆبڵۆکس، ژمارەیەک رێکاری سەلامەتیی نوێی بۆ بەکارهێنەرانی خوار تەمەن 13 ساڵ راگەیاند.
رۆبڵۆکس پلاتفۆرمێکی یاریکردنی ئۆنڵاینە، 70 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی رۆژانەی لە جیهاندا هەیە، لەلایەن 25 ملیۆن منداڵەوە بەکاردێت، رێگەدەدات بەکارهێنەر لەناو پلاتفۆرمەکەدا یاریی دروستبکات و بەشداریی لە یاریی دورستکراوی بەکارهێنەرانی دیکەش بکات.
لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، ئەو بەکارهێنەرانەی یاریی دروستدەکەن، دەبێت ئاماژە بەوە بدەن بۆ کەسانی خوار 13 ساڵ گونجاوە، بە پێچەوانەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەکارهێنەرانی 12 ساڵ و بچووکتر بلۆکدەکات.
هەروەها لە 18 تشرینی دووەمەوە، منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ، رێگرییان لێدەکرێت بچنە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە جێگەیەکە تێیدا بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی تێکست و دەنگەوە قسە لەگەڵ یەکدی بکەن.
ئەم بڕیارەی رۆبڵۆکس لە کاتێکدایە، لە مانگی ئابی ئەمساڵ، تورکیا بە تۆمەتی دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر منداڵ، پلاتفۆرمەکەی قەدەغەکرد.