ئیپیک گەیمس 870 کارمەند لەکارەکانیان دووردەخاتەوە

کۆمپانیای تەکنەلۆجی ئیپیک گەیمس، بەرهەمهێنەری یاری ناوداری فۆرتنایت، 870 کارمەند لەکارەکانیان دووردەخاتەوە کەدەکاتە سەدا 16%ی دەستی کاری کۆمپانیاکە.

کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە؛ هەوڵی تەواویانداوە خەرجییەکانیان کەمبکەنەوە، بەر لەوەی ژمارەی کارمەندەکان بگۆڕن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و خەرجییەکانیان زیاتربوو لە قازانجی کۆمپانیاکە.

تیم سوێنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا، بۆ کارمەندەکانی نووسیویەتی : "کەمکردنەوەی کارمەندەکان تاکە رێگە بوو لەبەردەمماندا، بۆیە بڕیارماندا ئێستا ئەنجامیبدەین تاوەکو لایەنی ئابووری کۆمپانیاکە جێگیرببێت".

لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی، تیم ئاماژەیداوە بەوەی لەلقەکانی کۆمپانیاکە لەسەرانسەری جیهان دامەزراندن دابەزیوە بۆ سفر و خەرجی بەکارهێنانی دیکەی سیستەمەکانیشیان وەک بەبازاڕیکردن کەمکردووەتەوە.

ساڵی 2022 کاتێک کۆمپانیای ئیپیک گەیمس، پرۆگرامی باندکامپی کڕی کە تایبەتمەندە بەگەڕانەوەی هونەرمەندە سەربەخۆکان، نیشانەی سەرسوڕمانی لای زۆر کەس دروستکرد، بەهۆی ئەوەی بەرنامەکە یاری ئەلکترۆنی نییە و جیاوازە لە ئەو سێکتەرانەی کۆمپانیاکە تێیدا کاردەکات.

ئێستا کۆمپانیای ئیپیک گەیمس بڕیاریدا پرۆگرامی باند کامپ بفرۆشێت بە سۆنگترادەر کە کۆمپانیایەکی تیبەتمەندە بە پاڵپشتیکردنی هونەرمەندان.

کۆمپانیای ئیپیک گەیمس لە جیهاندا بە بزوێنەری یاری ئەلکترۆنی ناسراوە و خاوەنی ژمارەیەک یاری ئەلکترۆنی ناوداری جیهانە، لە ناویاندا فۆرتنایت هەیە کە نزیکەی 400 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.