ئێکس سۆلا ناوەندێکی تازە بۆ بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەری یارییەئەلکترۆنییەکان دەکاتەوە

کۆمپانیای Xsolla ئێکس سۆلای ئەمریکی، پلاتفۆرمێکی تازە بۆ یارییەئەلکترۆنییەکان دەکاتەوە بەناوی مۆڵ Mall، تاوەکو لەو رێگەیەوە بەکارهێنەران و درووستکەرانی یارییەکان بتوانن کۆببنەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئامانجی ئەم کۆمپانیایە لەکردنەوەی ئەم پلاتفۆرمە دابینکردنی چەند فیچەرێکی تاکە بۆ بەکارهێنەرانی یارییە ئەلکترۆنییەکان، ئەمە جگە لە فەراهەمکردنی داشکاندنی جیاواز لەنرخی کڕینی یارییەکان.

کریس هیویش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکس سۆلا بە ئاژانسەکەی راگەیاند، ئامانجیان هاریکاری دروستکەرانی یارییەئەلکترۆنییەکانە، تاوەکو رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکانی بازاڕ ببنەوە لە نێویاندا بەرزبوونەوەی تێچووی درووستکردنی یارییەکان و راکێشانی بەکارهێنەران بۆ ناو یارییەکانیان.

کۆمپانیاکە ئاماژەیداوە بەوەی، گەشەپێدەرانی یارییەکانیش، لەم رێگەیەوە دەتوانن یارییە تازەکانی خۆیان نمایش بکەن و لەگەڵ بەکارهێنەرانیش گفتوگۆبکەن، ئەمە جگە لەوەی بەکارهێنەران بە کۆمەڵێک رێگەی پارەدانی تازە بە یارییەکان ئاشنادەکرێن.

کۆمپانیای ئێکس سۆلا Xsolla، کۆمپانیایەکی بازرگانی جیهانی تایبەتمەندە بە یارییە ئەلکترۆنییەکان خاوەنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بەهێزە لەو بوارەدا، هەروەها لەکاتی دەستبەکاربوونییەوە لەساڵی 2005-ەوە تائێستا هاریکاری هەزاران کۆمپانیای بەرهەمهێنانی یارییەئەلکترۆنیەکانی جیهانی، کردووە.