هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریا

ماوەی چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزی ناوچەکانی سووریای گرتووەتەوە و دەستەی تەحریری شام هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتەسەر سوپای وڵاتەکە و تاوەکو ئێستا سوپای سووریا لە چەند شارێکی گەورە کشاوەتەوە ئێران و عێراقیش بارودۆخەکە بە مەترسیدار و هەڕەشەی گەورە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ ناودەبەن

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەوەرەی سەرەکی بابەتی گرنگی گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئێران پەیوەست بووە بە بارودۆخی مەترسیدار و قورسی ناوخۆیی سووریا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە وردی قسە لەسەر پێشهات و کاریگەرییەکانی بارودۆخەکە کرا لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت عێراق و جەختیانکردەوە لەوەی، ئاسایشی سووریا پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە، دیارە ئاسایشی ناوچەکەش پەیوەستە بە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەوە.

هەر لەو بارەیەوە  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی بە پیلانگێڕییەکی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوبرد و  گوتى،"هەڕەشەی تیرۆر لە سووریا، هەڕەشەیە بۆسەر دراوسێکانی سووریا و ناوچەکەش".

هاوکات ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمریکی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتیی رووسیاوە بڵاویکردەوە، رووسیا هیچ پلانێکی بۆ رزگارکردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا نییە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی سووریایان کردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکەی کۆشکی کرێملن، بەهۆی ئەوەی سوپای سووریا ناوچەکانی خۆی چۆڵدەکات، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ پێشهاتەکان نییە.

ئەو هەڵوێستەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە، باڵیۆزخانەی رووسیا لە دیمەشق، داوای لە هاوڵاتییەکانی کردووە، سووریا بەجێبهێڵن، بەڵام کار و چالاکییەکانی وەک رۆژانی رابردوو لە باڵیۆزخانەکە بەردەوام دەبێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەوەی خستەڕوو، دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایش لە سووریا هەروا ئاسان نییە، ئەوەی ئێستا لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، یارییەکی ئاڵۆزە و ژمارەیەکی زۆر لایەن تیایدا بەشدارن.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هاوتا تورکیی و ئێرانییەکەی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا قسەی کردووە، ئاشکراشیکرد هەرسێکیان رێککەوتوون بتوانن ئەم هەفتەیە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر یەک ببینن.