بکوژە بێدەنگەکانی جەستە بناسە!
ئاڤار سەڵاح 15/10/2023
بکوژە بێدەنگەکانی جەستە، کۆمەڵێک نەخۆشیی مەترسیدارن کە لە سەرەتاوە هیچ نیشانەیەکی ناسەرەوەی نەخۆشییان نییە، بۆیە دەگونجێت ئەم نەخۆشییانە بەتێپەڕبوونی کات لێکەوتەی مەترسیداریان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەبێت.
دیارترین بکوژە بێدەنگەکانی جەستە ئەمانەن:
- نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ: ئەم نەخۆشییانە بە دیارترین جۆری نەخۆشیی کوژەری بێدەنگ دادەنرێن لەناو نەخۆشییەکانی دڵدا، زۆرکات تاوەکو دەگەنە قۆناغێکی پێشکەوتوو، نیشانەیان نییە. بەزۆری بەهۆی هەڵئاوسان و گیرانی بۆرییەکانی خوێنەوە، بەهۆی خراپبوونی دیواری بۆرییەکانی خوێن و کۆبوونەوەی چەوری تێیاندا روودەدەن، لەئەنجامدا مەترسیی گەورە بۆسەر ژیانی کەسەکە دروستدەکەن، رەنگە ببنەهۆی گیانلەدەستدانی لەناکاوی کەسەکە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە.
- نەخۆشیی بەرزەفشاری خوێن: یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان، بەزۆری هیچ هۆکارێکی دیاریکراو لە پشت توشبوون بەم نەخۆشییەوە نییە، بەڵام هەندێک هۆکار دەکرێت ببنەهۆی توشبوون بە بەرزەفشاری خوێن، وەک؛ جگەرەکێشان، فشاری دەروونی، خواردنی چەوری و سوێریی زیاد لەپێویست، یاخود نەخۆشییەکانی گورچیلە و رژێنی سەر گورچیلەکان. ئەم نەخۆشییە ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت، رەنگە ببێتەهۆی گەورەبوونی ماسولکەکانی دڵ، رەقبوونی خوێنبەرەکان، جەڵتەی دڵ و مێشک، سستبوونی دڵ و گورچیلەکان و لەدەستدانی بینایی.
- نەخۆشیی شەکرە: زۆربەی کات سەرەتا نیشانەی ئەوتۆی نییە، هەندێک جاریش چەند نیشانەیەکی ناتایبەتمەندی هەیە، بۆیە نەخۆشیی شەکرە بە کوژەری بێدەنگ دادەنرێت. چەندین هۆکار هەن بۆ توشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، وەک هۆکاری بۆماوەیی، قەڵەوی، کەمیی جووڵە، خواردنی ناتەندروست و هۆکاری دەروونی. شەکرە، ئەگەر لە سەرەتادا چارەسەرنەکرێت و پشتگوێ بخرێت، کار لە گورچیلە، چاو، دەمارەکان، لوولەکانی خوێن و چەندین ئەندامی گرنگی دیکەی لەش دەکات، سەرەڕای ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی برین لە قاچەکاندا.
- نەخۆشیی چەوریی جگەر: چەوریی جگەر یەکێکی دیکەیە لە کوژەرە بێدەنگەکان، کە نیشانەی تایبەت و زۆر ئاشکرای نییە، زیاد خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان و شێوازی ژیانی نادروست، دەبنەهۆی کۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا، پاشان هەوکردن و بەڕیشاڵ بوونی، لە کۆتایشدا رەنگە بەمۆمبوونی جگەر رووبدات و سست ببێت، ئەم حاڵەتە بە نەخۆشییەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکە هەژمار دەکرێت.
چۆن خۆپارێزی لە توشبوون بەم نەخۆشییانە بکرێت؟
- پێویستە شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەوبکرێت، واتە خەوی باش، خۆراکی تەندروست، بە نەریتکردنی وەرزشکردن
- دەبێت پشکنینە پێشوەختە پێویستەکان ئەنجامبدرێن
ئاڤار سەڵاح
15/10/2023