کیسی گورچیلە چییە و چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

کیسی گورچیلە، بریتییەلە دروستبوونی کیسێک یان چەند کیسێکی ئاوی لەسەر یان لەناو گورچیلەکاندا. رەنگە فرمانی گورچیلەکان سست بکات، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا، بەدەگمەن گرفت بۆ گورچیلەکان دروستدەکەن.

نیشانەکان

کیسی گورچیلە بەگشتی هیچ نیشانەیەک دروستناکات، بەڵام کاتێک گەورەدەبێت و فشار دەخاتە سەر گورچیلەکان، رەنگە ببێتەهۆی دەرکەوتی ئەم نیشانانە:

  1. هەستکردن بە ئازار لە گەدە. پشت یان لەنێوان پەراسووەکان و جومگەی سێبەندە
  2. تا
  3. زۆر میزکردن
  4. بوونی خوێن لە میزدا

ئایا کیسی گورچیلە فشاری خوێن بەرزدەکاتەوە؟

بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بەهۆی کیسی گورچیلەوە، دەکەوێتە سەر شوێنی کیسەکە. ئەگەر لە جێگەیەکی وا دروست ببێت کە کار لە فرمانی گورچیلە بکات، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەم ماکە.

ماکەکان

  1.  هەوکردنی کیسەکە، دەبێتەهۆی دروستبوونی تا و ئازار
  2. تەقینی کیسەکە
  3. گیرانی رێڕەوی میز و ئاوسانی گورچیلە

چۆن کیسی گورچیلە دەستنیشاندەکرێت؟

زۆربەی کات، کیسی گورچیلە بەڕێکەوت لەکاتی پشکنین بۆ نەخۆشییەکی دیکە دەدۆزرێتەوە، چونکە بەزۆری ئەم نەخۆشییە نیشانەی دیار و ئاشکرای نییە.

باوترین ئەو پشکنینانەی بۆ دەستنیشانکردنی کیسی گورچیلە بەکاردێن:

  • پشکنین بە سۆنەر
  • پشکنین بە سیتی سکان
  • پشکنین بە تیشکی رەنینی موگناتیسی
  • پشکنینی فرمانی گورچیلە؛ بۆ ئەوەی روونببێتەوە کیسەکە چۆن کاریگەری لە کاری گورچیلەکان کردووە

هەموو کاتێک کیسی گورچیلە پێویستی بە چارەسەرە؟

کاتێک کەسەکە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی تێدا دەرکەوتبێت، لەو کاتەدا پێویستە بە نەشتەرگەری کیسەکەی بۆ لاببرێت.