نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک
هەرچەند دەکرێت لەسەرەتاوە شێرپەنجەی مەمک هیچ نیشانەیەکی نەبێت، بەڵام زوو ناسینەوەی نیشانەکان دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەدا. پێویستە خانمان هۆشیاری ئەوەیان هەبێت پشکنین بۆ خۆیان ئەنجام بدەن و لە کاتی هەبوونی هەر نیشانەیەکی گوماناویدا، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم نەخۆشییە روونبکەینەوە و چۆنیەتیی ئەنجامدانی پشکنینەکە باس بکەین.
نیشانە سەرەتاییەکان کامانەن؟
باوترین نیشانە دۆزینەوەی گرێیەکە لە مەمکدا، بەڵام بەشێکی خانمان هەست بە هیچ گرێیەک ناکەن لە کاتێکدا کە توشی نەخۆشییەکەش بوون. ئەو گرێیانەی کە رەقن و چواردەورەکەیان بەئاسانی هەستی پێ ناکرێت، زیاتر مەترسیی ئەوەیان هەیە کە شێرپەنجەیی بن. نیشانە مەترسیدارەکانی شێرپەنجەی مەمک ئەمانەن:-
- گۆڕان لە شێوەی گۆی مەمکدا
- ئازاری مەمک، کە پاش خوێنبەربوونی سووڕی مانگانە تەواو نابێت
- گرێیەکی نوێ، کە پاش خوێنبەربوونی سووڕی مانگانە ناڕوات
- دەرچوونی شلە لە گۆی یەک مەمکەوە، دەکرێت رەنگی شلەکە روون، سوور، قاوەیی یان زەرد بێت
- سووربوونەوە، هەڵئاوسان، کزانەوە و خورانی پێستی مەمک
- گرێ یان هەڵئاوسانی نزیک بنباڵ و ئێسکی چەڵەمە

نیشانە درێژخایەنەکان کامانەن؟
ئەمانەی خوارەوە ئەو نیشانانەن لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشییەکەدا دروست دەبن:-
- چوونەناوەوەی گۆی مەمک
- گەورەبوونی مەمکی راست یان چەپ
- پێستی سەر مەمک وەک توێکڵی پرتەقاڵی لێ دێت، واتە بە شێوەی کونکون دەردەکەوێت
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
- دابەزینی کێش بەبێ مەبەست
- گەورەبوونی گرێ لیمفییەکانی بنباڵ
- موولوولەی خوێنی لەسەر مەمک بەدیار دەکەوون
هەبوونی یەکێک یان زیاتر لەو نیشانانەی باسمانکرد، مانای ئەوە نییە کەسەکە تووشی نەخۆشییەکە بووە. بۆ نموونە دەرچوونی شلە لە گۆی مەمکەوە دەکرێت هۆکارێکی دیکەی هەبێت، وەک هەوکردنی مەمک، بەڵام گرنگە ئەو کەسەی ئەم نیشانانەی هەیە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات.
هەندێک گۆڕانکاریی ئاسایی لە کاتی سووڕی مانگانە
هەندێک گۆڕانکاری هەن لە کاتی سووڕی مانگانەدا روودەدەن و پاش تەواوبوونی، نامێنن. وەکو:-
- هەڵئاوسان
- رەقبوون و ئازاری مەمک
- هەستکردن بە بوونی گرێ لە مەمکدا

چۆن پشکنینی خۆم بکەم؟
پشکنینی خۆیی گرنگە، وادەکات کەسەکە بزانێت بەگشتی شێوەی مەمکی چۆنە و زووتر هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکات. باشتر وایە مانگی جارێک، چەند رۆژێک دوای تەواوبوونی سووڕی مانگانە، پشکنین بۆخۆی بکات. پێویستە گرنگی بەم شتانە بدرێت لە کاتی پشکنینی خۆییدا:-
- جیاوازی لە قەبارە، شێوە، یاخود رەنگی مەمکدا
- چاڵبوون یان هەڵئاوسانی پێست
- سووربوونەوە، ئازار، یان پەڵە
- چوونەناوەوەی گۆی مەمک
- دەردانی شلەی نائاسایی
پشکنینی مەمک بەم شێوەیەی خوارەوە دەکرێت:-
- خانمەکە لە بەردەم ئاوێنەیەک رادەوەستێت بەپێوە، دەستەکانی لەسەر رانی دەبن. سەیری مەمکی دەکات و ورد دەبێتەوە لە هەر گۆڕانێک.
- هەمان شت دووبارە دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە دەستی بۆ سەرەوە بەرز کردبێتەوە.
- لەسەر پشت پاڵدەکەوێت. سەرەتا بە دەستی راست مەمکی چەپی دەپشکنێت، نەرمایی پەنجەی بەکاردەهێنێت و بە بازنەیی لە چواردەوری گۆی مەمکییەوە دەستپێدەکات، دەبێت بزانێت هەست بە هیچ گرێیەک یاخود شتێکی نامۆ دەکات. دڵنیاببێتەوە لەوەی هەموو مەمکی بپشکنێت، لە ناوەڕاستی سنگەوە تاوەکو ئاستی بنباڵ، لە بەشی سەرەوەی سکەوە تاوەکو ئێسکی چەڵەمە. هەمان شت بۆ مەمکی چەپی دووبارە بکاتەوە.
- بە دانیشتن یان هەستانەوە پشکنینەکە دووبارە بکاتەوە. ئەمەیان لەکاتی خۆشۆردندا ئاسانتر دەبێت.
ئایا گرێی مەمک هەموو جارێک شێرپەنجەییە؟
زۆرینەی گرێکان شێرپەنجەیی نین. گرێکان نموونەیان لێ وەردەگیرێت و دەنێردرێن بۆ تاقیگە. 75%ی ئەوانەی نموونەیان لێ وەردەگیرێت، ئەنجامی تاقیکردنەوەکەیان پاک دەردەچێت، ئەم جۆرە گرێیانە پێیان دەگوترێت نەخۆشیی بێزیانی مەمک.
11/10/2023