گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆچی روودەدات؟
ئاڤار سەڵاح 16/10/2023
گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە، بریتییەلە گەڕانەوەی ترشەڵۆکی ناو گەدە بەشێوەیەکی دووبارە بۆ ناوسورێنچک، کە دەبێتەهۆی رووشانی ناوپۆشی سورێنچک.
زۆربەی ئەو کەسانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن، تەنیا بە گۆڕینی شێوازی ژیان و پێدانی هەندێک دەرمان لەلایەن پزیشکەوە، نەخۆشییەکەیان چارەسەردەبێت، بەڵام رەنگە لە هەندێک حاڵەتی قورسدا، پێویست بە نەشتەرگەری بکات.
نیشانەکان چین؟
- هەستکردن بە سووتانەوە لە سنگدا، بەتایبەت دوای نانخواردن یان پاڵکەوتن.
- گەڕانەوەی خواردن و ترشەڵۆک بۆ بەشی سەرەوەی رێڕەوی هەرس
- ئازار لە بەشی سەرەوەی ناوسک و سنگ
- گرفت لە قووتدانی خواردن
- هەستکردن بەوەی شتێک لە قورگدا گیربووە
- کۆکە
- دەرکەوتنی رەبۆ یان خراپتربوونی نەخۆشییەکە لەو کەسانەی رەبۆیان هەیە
گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە چۆن روودەدات؟
دەرچەی ماسولکەیی نێوان سورێنچک و گەدە، بەشێوەیەکی ئاسایی لە کاتی خواردن و خواردنەوەدا خاو دەبێتەوە و دەکرێتەوە، بەمەش رێگە بە چوونی خواردن و خواردنەوە دەدات بۆ ناو گەدە، دواتر دادەخرێت و رێگە بە گەڕانەوەی ماددەکانی ناو گەدە نادات بۆ سورێنچک، بەڵام کاتێک ئەم دەرچە ماسولکەییە بەهەر هۆکارێک لاوازدەبێت یان ناتوانێت دوای خواردن بەباشی دابخرێت، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دەردەکەوون.
کێ مەترسیی توشبوونی زیاترە؟
- کەسانی قەڵەو
- خانمانی دووگیان
- ئەو کەسانەی فتقی ناوپەنچکیان هەیە
- کەسانی جگەرەکێش
- ئەو کەسانەی شەوان ژەمی قورس دەخۆن
- ئەو کەسانەی کافایین و ماددە کحولییەکان زۆر دەخۆنەوە
ماکەکانی چین؟
- هەوکردنی سورێنچک
- تەسکبوونەوەی سورێنچک
- گۆڕانی خانەکانی رووپۆشی بەشی خوارەوەی سورێنچک، ئەمە مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات
کەی پێویست بە سەردانی پزیشک دەکات؟
- لە کاتی دروستبوونی ئازاری سنگدا، بەتایبەت ئەگەر ئازارەکە بڕوات بۆ شان و قۆڵ و مل و چەناگە؛ چونکە دەکرێت ئەمە ئازاری توشبوون بێت بە جەڵتەی دڵ
- کاتێک نیشانەکان توندتربوون و ژمارەی جارەکانی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە زیادی کرد.
- گەر پێویستی کرد کەسەکە لە هەفتەیەکدا دوو جار زیاتر دەرمانی دڵەکزە بەکاربهێنێت.
چارەسەر چییە؟
- گۆڕینی شێوازی ژیان، وەک کێش دابەزاندن، وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی کافایین و ماددە کحولییەکان.
- گەر بە گۆرینی شێوازی ژیان نیشانەکان چارەسەر نەکرا، رەنگە پزیشکی پسپۆر دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە بنووسێت.
- ئەگەر نەخۆشییەکە بە دەرمان چارەسەرنەبوو، رەنگە پزیشک بڕیاری نەشتەرگەری بدات وەک چارەسەر.
ئاڤار سەڵاح
16/10/2023